ئەگەر حكوومەت 2 ترلیۆن و نیو بخاتە ناو بودجەی 2015ـوە، زیادەمووچەی فەرمانبەران خەرج دەكرێت

بەغدا- تایبەت بە KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر حكوومەت 2 ترلیۆن و 500 ملیار دینار بخاتە ناو بودجەی 2015ـوە، ئەوا زیادەمووچەی فەرمانبەران خەرج دەكرێت، بەڵام ئەگەر نەیتوانی دابینی بكات، ئەوا پرۆسەكە بۆ ماوەیەكی دیكە دوا دەكەوێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق لە لیستی كوردستانی (نەجیبە نەجیب)، بە PDK.INFO-ی ڕاگەیاند، زیادەمووچەی فەرمانبەران كە لە ساڵی 2013-دا بڕیاری لەسەر درا بۆ ئەوەی لە بودجەی 2014ـدا واتە 1-1-2014 بۆ فەرمانبەران خەرج بكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بودجەی ساڵی 2014 پەسند نەكرا، بڕیارەكەیش جێبەجێ نەكراوە، وەلێ ئەگەر لە بودجەی ساڵی 2015ـدا حكوومەتی عێراق بڕی 2 ترلیۆن و 500 ملیار بكاتە ناو بودجەی 2015ـوە، ئەوكات ئەو بڕیارە دێتە جێبەجێكردن و فەرمانبەرانیش لە پلەی 10ـوە تاكو پلەی چوار لەو بریاڕە سوودمەند دەبن، ئەگەریش ئەو بڕە پارەیە حكوومەت نەیتوانی دابینی بكات، ئەوا پرۆسەكە بۆ ماوەیەكی دیكە دوا دەكەوێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، تاكو ئێستا بودجەی 2015 لە لای حكوومەت و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە كە لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بەسەر خەرجییەكانی گشتی هەموو وەزارەت و دامودەستگاكانی دەوڵەت پێك هێنراوە لەبەر ئەوەی زۆر خەرجیی هەن پێویست نین بمێنن، هەر كاتێكیش بودجە پەسند كرا و هاتە پەرلەمان لەبەر ئەوەی پەرلەمان لە ناو پشوودایە، تاكو 1-1- 2015 پەسندی ناكات، بەڵام رێككەوتنێك لە نێوان سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی پەرلەماندا هەیە كە ئەگەر بودجە بگاتە پەرلەمان، ئەوا پەرلەمان دانیشتنی نائاسایی بكات و بودجەی ساڵی 2015 پەسند بكات.
(نەجیبە نەجیب) زیاتر ڕوونی كردەوە، هەر چەندە ئەو دانیشتنە نادەستوورییە ئەگەر بكرێت، چونكە دەستوور دیاری كردووە كە دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بۆ بابەتێكی ترسناك و بۆ كاتی دیاریكراو و تەنیا یەك جار بێت.
نەشوان بەرزنجی




