پلەی سەربازی کڕین و فرۆشتنیان پێ کراوە.. بندیوارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری زیاتر لە 100 هەزارن

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لەو ژمارەیەی کە لە مێدیاکاندا بلاو کراوەتەوە ئاشکرا دەکات و جەخت دەکاتەوە کە، لەناو ڕیزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراقدا دەیانهەزار كەس بەبێ ئەوەی دەوام بکەن، مووچەی مانگانەیان وەرگرتووە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "دەستمان بە چەند لێكۆڵینەوەیەكی سەربازی لە فیرقەكانی 1و 8 كرد و بۆمان دەركەوت لە فەوجێكدا لە 400 كەس تەنیا 100 كەس دەوامیان كردووە، ئەوانەمان كردە ڕاپۆرتێك ناردمان بۆ سەركوەزیران، بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایییش، دەركەوتووە زیاتر لە 50 هەزار چەكداری بندیوار لە وەزارەتی بەرگری هەن، لە كاتێكدا ئەگەر لێكۆڵینەوە بكرێت ئەو ڕێژەیە زۆر زیاتر دەبێت، چونكە بەشێكی زۆریان لەسەر بنەمای وەرگرتنی مووچەكە دانراون، بەشێكیشیان هەر نەیانزانیوە میحوەری شەڕ لە كوێیە و چی دەكەن".
وەک ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەو دۆسیەیە تائێستا بەردەوامیی هەیە و لە لێكۆڵینەوەی ورددایە بۆ ئەوەی ڕاستییەكان دەركەون.
لەبارەی ڕێژەی مووچەخۆری بندیواریشەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، (شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاماژەی دا، "پێشبینی دەكەین لە دوای لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە ئەو ڕێژەیە بۆ 100 هەزار مووچەخۆری بنیدوار بەرز ببێتەوە، كە ئەمە گەورەترین كارەساتە لە عێراقدا".
دەشڵێت، لە دۆسیەیەكدا نزیكەی 20 خاڵیان لەسەر تێكشكانی سوپای عێراق لە سەقڵاویە و كشانەوەی سوپا لە چەند شوێنێكی دیكە نووسیوە، بۆیە دۆسیەی شكستی سوپای عێراق و بابەتی مووچەی بندیوار دەكرێتە دۆسیەیەك و پەرلەمان كاری لەسەر دەكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، لە هەموو دامەزراوەیەكی سەربازیدا دەزگای هەواڵگری هەیە، بەڵام دەزگای هەواڵگری لە عێراقدا بەرتیلی پێ دراوە و هەوڵی داوە ئەو شتانە پەردەپۆش بكات، جیا لەوانەیش، پلەكڕین لەناو سوپای عێراقدا بوونی هەبووە و خەڵك بە ملیۆن دۆلاری داوە بۆ ئەوەی پلەی لە سوپای عێراقدا پێ بدرێت كە ئەوەیش گەورەترین كارەساتە لەناو سوپای عێراقدا ڕووی داوە و دەبێت بە جیددی لەسەر ئەو بابەتە لێكۆڵینەوە بكرێت.
لەبارەی چارەنووسی (نووری مالیكی)ـیەوە كە پێشتر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بووە، (شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتی، "لەسەر ڕووداوەكەی مووسڵ لێكۆڵینەوەمان لەگەڵ 36 گەورەئەفسەری عێراق كردووە و ئەگەر ئەو ئەفسەرانە ددان بە ڕاستییەكاندا بنێن، ئەو كاتە دەبێت (نووری مالیكی) بانگی پەرلەمان بكرێت".
کارزان سەباح




