هەرزەمافیا و هەلپەرست و بەعسی دەوری مالیکییان دابوو.. عەلی ئەدیب وا دەڵێ

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا(عەلی ئەدیب) ددان دەنێ بەوەدا کە، "پێشتر سەرنجمان لەسەر فەرمانڕانیی (مالیکی) هەبوو، کە پێمان وابوو هەڵەی ئاسایین و هیی ئەوە نین متمانەی لی بستێنینەوە، بەڵام دەبێ ددان بەوەدا بنێین کە، نەمانزانیوە چیی لە سەرۆکایەتیی وەزیرانی پێشوودا گوزەراوە."
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کیتابات کە لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەستی کەوتوون و بڵاوی کردووەتەوە کە، (عەلی ئەدیب) لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سەرکردە و نوێنەرانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرکردەکانی شوورای حیزبی دەعوەدا، زیاتر دەڵێ، "(نووری مالیکی) لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانیدا بە کۆمەڵێک هەرزەمافیا و هەلپەرست و بەعسی دەورە درابوو"، بە ئاماژە بەو دۆخە ناهەموارەیش کە هاتبووە ئاراوە و هەزاران کەس بە هۆیەوە بوونە قوربانی، هۆکارەکەی "خواستی منداڵانەی ئەوانە بوو کە لە قۆناخی (مالیکی)ـدا دەوڵەتیان تاو دەدا."
(ئەدیب) ڕوونیشی کردەوە، "لە ماوەی رابردوودا بە زۆرێک لە ئابڕووبەرییەکانمان زانی کە خەریک دەبوو تا ئاستی شێتیمان تاو بدات"، جەختیش دەکاتەوە "بە ڕاستیی ئەو کارانەمان نەزانیوون، هەمووان مافی ئەوەیان هەیە ناڕازی بن، سوێند دەخۆم، ئەگەر پێشتر بەم کارەسات و گەندەڵییەمان زانیبوایە، دەچووینە پاڵ ئەوانەی هەولێر کە بۆ سەندنەوەی متمانە لیی کۆ ببوونەوە."
ئاماژەیشی داوە کە، "ناشێت قبووڵی بکەین هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، یان کوتلەکانی، بە گەندەڵی و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵە کەسێک ئابڕووی بچێ."
(ئەدیب) وەها کۆتایی بە قسەکانی دێنێ، "ڕاستییەکانمان بۆ دەرکەوتوون و پاساو نادرێن، ئەمە پەڵەیەکی ڕەشە بۆ ئێمە، عێراق لە سەرووی هەر شتێکی دیکەوەیە، بەهەدەرچوونی سامانی گشتی و زیادەڕۆیی و خوێنڕێژییش بە ناوی هاوپەیمانێتیمانەوە بۆ قۆناخی داهاتوو قبووڵ ناکەین."
زریان زیاد - کیتابات




