٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

د.عەرەفات كەرەم: كورد گەرەنتیی بودجەی وەرگرت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەرەفات كەرەم) رایگەیاند كە، لە كاتی پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراقدا هەوڵ دەدەرێت بە خێرایی پشكی هەرێم رەوانەی كوردستان بكرێت. جەختیشی كرد كە، كورد لە بودجەدا گەرەنتی وەرگرتووە.

پەرلەمانی عێراق لە چاوەڕوانی گەییشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقە، بەڵام حكوومەتی بەغدا تا ئێستایش سەرقاڵی ئامادەكارییەكانە و پڕۆژەیاساكەی بۆ پەرلەمان رەوانە نەكردووە. پێوەست بەم پرسە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عەرەفات كەرەم) بە KDP.info-ی ڕایگەیاند، لەكاتی سەردانی (حەیدەر عەبادی) بۆ پەرلەمان ئاشكرایكرد كە، هەر كاتێك بودجە گەیشتە پەرلەمان بەخێرایی دانیشتێكی بۆ دەكرێت و  بودجەكە پەسەند دەكەن.
گوتیشی: "بە قسەی (عەبادی) بێت، بەم نزیكانە بودجە دێتە پەرلەمان، وەزیری  داراییش (هۆشیار زێباری) رایگەیاند كە، بودجە گەییشتووەتە 130 ملیار دۆلار، بۆیە ئەم نرخە هەڵكشان و داكشانی دەبێت، چونكە پێوەستە بە نرخی نەوتەوە".
(عەرەفات كەرەم)، دەڵێت، "وەزیری نەوتی عێراق (عادل عەبدولمەهدی) لە پەرلەمان رایگەیاند، نرخی بەرمیلێك نەوت بە 80 دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام نرخەكە دابەزیوە بۆ 65 دۆلار و ئەمەیش گرفت بۆ بودجەی عێراق دروست دەكات، ئێمە چاوەڕێ دەكەین بزانین لەوە زیاتر دادەكشێت یان بەرز دەبێتەوە."
(كەرەم) ئاماژەی كرد كە، دوای پەسەندكردنی بودجەی عێراق، بودجەی هەرێم ڕەوانە دەكرێت و، لە ئێستادا هەندێك لە ئەندامانی دەوڵەتی یاسا داوادەكەن ئەو ڕێككەوتنەی هەولێر و بەغدا بێتە پەرلەمان، بەڵام ئەو ڕێككەوتنە پێوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، ڕێككەوتنی حكوومییە، "ئەگەر بودجەیش پەسەند بكرێت، ئەوا بەخێرایی بودجەی كوردستان دەنێرین، هەڵبەت كورد گەرەنتی وەرگرتنی بودجەی وەرگرتووە."

کارزان سەباح

هەواڵی پەیوەندیدار