خوشکێکیشی لە هەولێر گیراوە.. بەغدا: دەستگیرکراوەکەی لوبنان ژنی ئەمیری داعش نییە

بغداد-KDP.info- بەغدا دەڵێ، ئەو ژنەی کە دەستەڵاتدارانی لوبنان دەستگیریان کردووە، هاوسەری ئەمیری ڕێکخراوی داعش (ئەبوبەکر بەغدایی) نییە، ڕوونیشی کردووەتەوە کە، (بەغدایی) هیچ هاوسەرێکی بە ناوی (سەجا ئەلدلێمی) نییە.
وەزرەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە دەری کردووە، زانیاریی لەسەر لەسەر ئەو ژنە دەستگیرکراوە دەدات و دەڵێ، (سەجا) خوشکی ئەو تیرۆریستە دەستگیرکراوە و سزادراوەیە بە لەداردان، کە پێوەندی هەبووە بە تەقینەوەکانی بەسرە و بەتحا لە ناسرییە.
بەیاننامەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە، شانەی هەڵۆی هەواڵگریی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، زانیاریی داوە کە، ژنەکانی (ئەبووبەکر بەغدایی)، نوەکانیان بەم شیوەیەن: (ئەسما فەوزی محەممەد ئەلدلێمی، ئیسڕا عەبدولحەمید محەل ئەلقەیسی) و ئەو ژنی بە ناوی (سەجا ئەلدلێمی) نییە.
بەیاننامەکە جەخت دەکاتەوە کە، (سەجا) خوشکی (عومەر عەبدولحەمید ئەلدلیمی)یە کە لە لایەن بەغداوە دەستگیر کراوە و سزای لەدادردانی بەسەردا سەپێنراوە، چونکە لە چەند تەقینەوەیەکدا بەشدار بووە.
بەیاننامەکە هاوکات زانیاریی زیاتر دەدات و دەڵی، (دلێمی) پێشتر لە لایەن دەستەڵاتدارانی سووریاوە گیرابوو، بەڵام پار بە چەند کەسێک گۆڕدرایەوە، خوشکێکیشی بە ناوی (دوعا عەبدولحەمید دلێمی)، لە هەوڵێکیدا بۆ خۆتەقاندنەوە لە هەولێر، لە لایەن دەستگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە دەستگیر کرا.
دەشڵیت کە باوکیان تاوانباری ڕاکردوی لای داعشە و ئێستا لەگەڵ بەرەی نوسرەدایە.
دوێنێ سێشەممە، مێدیاکانی جیهان بلاویان کردەوە کە، هێزە ئەمنییەکانی لوبنان بە هەماهەنگیی هەواڵگریی بیانی، لەسەر سنووری لوبنان سووریا و لە یەکێک لە دەروازەکان، ژنێک و منداڵێکی ئەمیری تیرۆریستانی داعشیان دەستگیر کردووە و دەستبەجێ بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بارەگای وەزارەتی بەرگریی لوبنان کراوە.
زریان زیاد




