دابەزینی نرخی نەوت، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ڕێک دەخاتەوە

بەغدا-KDP.INFO- بەپێی ڕەسنووسی ئامادەکراوی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، ساڵی داھاتوو 108ھەزار458 کەس لە عێراق دادەمەزرێن و پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەو رێژەیە دووھەزارو411 پلەیە، ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ھەر رێژەیەک لەئێستادا بڵاو بکرێتەوە راست نییە، چونکە دووبارە پڕۆژەیاسای بودجە دادەڕیژرێتەوە و پشکی ھەرێمی کوردستانیش پێویستە 17% بێت.
ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب) بە KDP.INFOی راگەیاند: "بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، لیژنەیەک دروست کراوە و دووبارە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دادەرێژێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت و خەرجییەکان کەم دەکرێنەوە، بەتایبەتی وەزارەتی بەرگری کە گەندەڵییەکی زۆری تێدایە و پێویستە ئەو گەندەڵیانە نەھیڵدرێن، بۆیە لەئێستادا ھەر ژمارەیەک بڵاو بکرێتەوە راست نییە، چونکە گۆڕانکاری لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دەکرێت."
(نەجیبە نەجیب) گوتیشی، لەئێستا شاندی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2015 زۆر گۆڕانکاری دروست دەبن.
زیاتر گوتی، پێویستە ئەگەر رێژەی دامەزران بۆ ساڵی داھاتوو لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا دیاری کرا، پشکی ھەرێمی کوردستان 17% بێت، بەڵام بڕیارە ئەمساڵ پشکی شێر بەر وەزارەتی بەرگری و تەندروستی بکەوێت، چونکە ئەوان زیاتر پێویستیان پێی ھەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، بە ھۆی دووبارە داڕشتنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت تا 15رۆژی دیکە، نەتواندرێت بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، چونکە کاتی پێویستە.
بڕیار بوو رۆژی شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند بکات و رەوانەی پەرلەمانی بکات، بەڵام بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت و ھەناردەکردنی نەوتی عێراق کورتھێنانێکی گەورە لەو بودجەیە ھەبووە، بۆیە نەتواندرا ئەو پڕۆژەیاسایە پەسەند بکرێت و پەرلەمانیش بۆ ماوەی مانگێک پشووی خۆی راگەیاند.
بڵند ئیبراھیم




