٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق: دەبێت قوتابیانی هەرێم دەرماڵەیان بۆ خەرج بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سیروان سیرینی)، رایگەیاند كە، خەرجكردنی دەرماڵەی قوتابیانی قۆناخی سەرەتایی بە هۆی كێشەی بودجە جێبەجێ نەكراوە، بەڵام دوای پەسندكردنی بودجە دەرماڵەكە جێبەجێ دەكرێت و، دەبێت قوتابیانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، (سیروان سیرینی) KDP.infoی راگەیاند، "رەزامەندیمان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەرگرتووە تا وەزیری پەروەردەی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بكەین، پێوەست بە بارودۆخی خوێندن و وەزارەتی پەروەردە و، كێشەی قوتابیانی  ئاوارە و كێشەی قوتابخانەكان، هەڵبەت رەزامەندیشمان لە پەرلەمان وەرگرتووە بۆ بانگهێشتكردنەكە و لێپرسینەوەی".

(سیروان سیرینی) ئاماژەی دا، تا ئێستا پلانی وەزارەتی پەروەردە لە كابینەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی) روون نییە، گوتیشی: "دەمانەوێ بە رێگەی ئەو بانگهێشتكردنە و لێپرسینەوە لێی، بزانین ئەو وەزارەتە لە كابینەی نوێی عێراق، پلانی چییە و بەتایبەت پلانی ئەو وەزارەتەكە لە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێوەست بە پرسی قوتابیانی ئاوارە چییە؟، چونكە قوتابییەكی زۆر لەئێستادا ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە."
لە ساڵی رابردوودا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای پێدانی دەرماڵەی بۆ قوتابیانی بنەڕەتی پەسند كرد كە، مانگانە بۆ قوتابیانی سەرەتایی  30 هەزار دینارە و لە 1-10-2014-یشەوە بڕیارەكە  جێبەجێ دەكرێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێوەست بە دەرماڵەی قوتابیانی سەرەتاییش دەڵێت: "ئەو دەرماڵەیە بەهۆی كێشەی بودجە و میزانییە جێبەجێ نەكراوە، بەڵام دوای پەسندكردنی بودجە جێبەجێ دەكرێت و دەبێت هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە."
یەحیا سابیر

هەواڵی پەیوەندیدار