٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

تەنیا لە دوو باردا رێگەیان دەدات بچنە بەغدا.. داعش مەرجی بۆ مووسڵاوییەکان داناوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  بەرپرسی لقی 14ـی پارتی ڕایگەیاند، داعش چوونە دەرەوەی لە شاری مووسڵ لە ھەموو ھاووڵاتیان قەدەخە کردووە و تەنیا لە دوو باردا رێگەیان پێ دەدات بچنە بەغدا.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(عیسمەت رەجەب) بۆ Kdp.info ئەو مەرجەی داعشی بۆ هاووڵاتیانی مووسڵ راگەیاند کە "ئەوانەی بۆ مامەڵەی خانەنشینی دەڕۆن، بە مەرجێک یەک پیاو دەچێت و نابێت خێزانی خۆی لەگەڵدا بێت، هەروەها پێویستە رەزامەندیی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە وەربگرێت و کەسێکیش ببێتە کەفیلی تا دەگەڕێتەوە."
(عیسمەت رەجەب) ئاماژە بە حاڵەتی دووەم دەدات و دەشڵێت، "ئەگەر ھاووڵاتییەک نەخۆش بێت و پێویستی بە چارەسەر یاخود نەشتەرگەری ھەبێت لە بەغدا، پێویستە نووسراوێکی مۆر لێدراو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مووسڵ ببات و پشتگیری بکەن کە نەخۆشە، ەهەروەها دیاریی بکات کە چەندی پێدەچێت و لەو حاڵەتەیشدا پێویستە کەفیلێک ھەبێت تا دەگەڕێتەوە."

ئەو بەرپرسەی پارتی پشتبەستوو بە سەرچاوەکانی، جەختی کردەوە، جگە لەو دوو حاڵەتە، رێگە بە ھیچ کەسێکی دیکە نادەن لە موسڵەوە سەفەر بۆ دەرەوەی شار بکات، کە بێگومان ئەمەیش نیگەرانیی خەڵکی ئەو شارەی بە دوای خۆیدا هێناوە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار