سی ئێن ئێن: پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەڵمەتی ئازادکردنی مووسڵ بەرپا دەکەن.. هێمن هەورامی پێی وایە سوپای عێراق هێشتا ئامادە نییە

واشنتن-KDP.info- سەرچاوەیەکی سەربازیی ئەمەریکایی ئاشکرای دەکات کە، پلانیکی سەربازی هەیە بۆ ئازادکردنی مووسڵ لە چنگ تیرۆریستانی داعش و پرۆسەکەیش لە مانگی یەناییر-کانوونی دووەمدا جێبەجی دەکرێ. دەشڵیت، ئەرکی سەرەکی لە ڕزگارکردنی مووسڵ بە پێشمەرگە دەسپێردرێ. بەڵام ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(هێمن هەورامی) کە یەکێک لە سەکردە نزیکەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)یە، باوەڕی وایە کە، هێزەکانی عێراق تا کۆتایی 2015ـیش ئامادە نین، شەڕ بۆ مووسڵ بگوێزنەوە. ڕۆیتەرز وا دەڵێ.
ئەو سەرچاوە سەربازییە ئەمەریکاییە، بە مەرجی ناو نەبردنی بۆ تۆڕی ڕاگەیاندنی سی ئێن ئێن هەروەها ئاشکرای کردووە کە، هەڵمەتی رزگارکردنی مووسڵ، لەلایەن هێزی هاوبەشی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکایی بەرپا دەکرێ.
هەر پیوەست بە ئەم پرسە (هێمن هەورامی) بە ڕۆیتەرزی گوتووە کە، "نە لە بەهار و نە لە هاویندا، هێرش بەرپا ناکرێ"، ئاماژەیشی دا کە، پێشڕەوی، وابەستەی ئامادەیی حکوومەتە، "بۆ ڕێکخستنەوەی سوپا و خێرایی لە چارەکردنی بابەتە سیاسییەکان لەگەڵ ئێمەدا و لەگەڵ سوننەیش بە هەمان شێوە، هاوکات پێوەستە بە ئاستی خێرایی هاوپەیمانان لە دابینکردنی چەکی قورس بە پێشمەرگە و سوپای عێراق."
وەک سی ئێن ئێن بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی پلانەکە، پرۆسەکە بە پێشڕەویی هێزی پێشمەرگە لە ڕۆژاواوە، هێزەکانی عێراقیش لە باشوورەوە، بەڵام زانیارییەکان هێشتا قابیلی ئەوەن گۆڕانکارییان بەسەردا بێت. هەڵبەت سەرچاوەکە ڕەتیشی کردەوە کە، زانیاریی زیاتر دەربارەی پلانەکە و دواوادەی کۆتاییی بەرپاکردنی هەڵمەت و قەبارەی ئەو هیزانەی لەو پرۆسەیەدا بەشدار دەبن، بدرکێنێ.
زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە سەربازییەی ئەمەریکا، لە کاتێکدایە کە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەیشە، لە هیچیەک لە لێدوانەکانیدا پێوەست بە بەشداریی پێشمەرگە لە پرۆسەی دەرەوەی سنووری خاکی کوردستان، هێشتا لێدوانی یەکلاکەرەوەی نەداوە. بەڵام (سەرۆک بارزانی) هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە، کاری لەپێشینەی پێشمەرگە، وەدەرنانی داعشە لە ناوچەکانی کاوردستان و پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە لە سەرەتای هێڕشەکانیاندا دەستیان بەسەردا گرتوون، دواتر هەماهەنگی دەکەین لەگەڵ هاوپەیمانانمان بۆ وەدەرنانیان لە ناوچەکە.
هەرچی وەزیری داراییی عێراق(هۆشیار زێباری)یشە، دووپاتی کردەوە کە، ڕێکخراوی دەولەتی ئیسلامی هێشتا هێزی زۆری هەیە، بەڵام توانای ئەوەی نەماوە هێرشی گەورەی زەوینی بەرپا بکات، چونکە لە ئاسمانەوە دەکرێنە ئامانج.
(زێباری) ڕەتیشی کردەوە کە، وردەکاری دەربارەی ستراتیژی سەربازی، چ هیی حکوومەتی عێراق و چ هیی پێشمەرگەیش بۆ ڕۆیتەرز بدرکێنێ، بەڵام گوتی، پلان و هەماهەنگی بۆ جەنگی ئازادکردنی مووسڵ لە ئارادایە.
(زێباری) هەروەها گوتی، "زانیاریم نییە کە لە بەهاردا هێرش بەرپا دەکرێ. هەڵبەت هێرش لە بەهار و هاوین و زستاندا بەردەوامە. ئێمە لە پاییزدا بەرەنگاریان بووینەوە. ئەم جەنگە لەگەڵئەواندا بەردەوامە."
سەرچاوەکەی سی ئێن ئێن هاوکات ڕوونی دەکاتەوە کە، پلانەکە وەهایە کە، هێزێکی شارەزا و بەئەزموون، هێرش دەبا و دەچێتە چەند ناوچەیەکی مووسڵەوە و کۆنترۆڵیان دەکات، دواتر هەڵمەتی فراوانتر بۆ وەدەرنانی گرووپگەلی سەر بە داعش، لە ناوچەکانی ئەو شارە بەرپا دەکرێ، بەڵام ئەرکی سوپای ئەمەریکا، لە ئاسمانی ئەو شارەوە دۆخەکە بۆ هێرشبردن لەبار دەکات و فڕۆکە شەڕکەرەکانیان گورز لە مۆڵگەکانی داعش دەوەشێنن.
ئەو سەرچاوەیە ڕەتیشی کردەوە کە، سەربازانی پیادەی سوپای ئەمەریکا لە بەرپاکردنی ئەو هەڵمەتەدا بەشدار ببن، ئاماژەیشی دا کە، ئەرکی سەرەکی لەو پرۆسەیەدا بۆ پێشمەرگەیە، ئەمەیش لەکاتێکدایە کە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕاهێنان بە 12 یەکەی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دەکات و چەکیش دەدات بە هۆزە سوننەکانی دژ بە داعش.
ئەمەریکا چوار سەربازگەی مەشقی کردوونەتەوە بۆ ڕاهێنان بە 80هەزر سەربازی عێراق و دووانیان لە دەوروبەری بەغدان و یەکیکیش لە هەولێر و چوارەمیشینا لە ئەنبارە.
ئەمەریکا هاوکات پلانی وایە کە، 45هەزار سەربازی عێراقی و 15هەزار پێشمەرگە و 5هەزار کەس لە هۆزەکانی سوننە پڕچەک بکات.
(هێمن هەورامی) لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، جەنگ لەگەڵ داعش درێژە بکێشی و ڕەنگە یەکلاکەرەوەیش نەبێ.
زیاتر گوتی، "لەپیناو شکست پێبردنیان لە مووسل پێویستە لە سووریایش شکستیان پی ببیەن. ناتوانرێت دەوڵەتی ئیسلامی لەبەین ببرێ، بەڵام لاواز دەکرێن، هەڵبەت ئەم پرۆسەیەیش ساڵانێک دەخایەنێت."
زریان زیاد




