٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حکوومەت پڕۆژەیاسای بودجەی پەسەند نەکرد، پەرلەمانیش مانگێک پشوو دەگرێ

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەھۆی رێکنەکەوتن لەبارەی بودجەی عێراقەوە، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاساکەی پەسەند نەکرد و بۆ مانگی داھاتوو دواخرا، بەم ھۆیەشەوە پەرلەمان پشووی خۆی دەگرێت. پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، ئەمڕۆ داوایان لە حکوومەت کردووە کە، پێویستە بەغدا تەواوی پارەی ساڵی رابردوو، بودجەی پێشمەرگە و بەشەبودجەی ھەرێمیش، بەبێ نەفەقاتی سیادی رەوانەی هەرێم بکات.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق(ئەحمەد حاجی رەشید) بە Kdp.infoی راگەیاند: "بەھۆی ئەوەی رێژەی کورتھێنان و نەفەقاتی سیادی زیادی کردووە، ئەنجوومەنی وەزیران نەیتوانی ئێوارەی ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند بکات و، بۆ حەوتی مانگی داھاتوو دواخرا."
(ئەحمەد حاجی رەشید) زیاتر گوتی، ھەموو ئەو کێشانەی ساڵی رابردوو لە بودجەی گشتیی عێراق ھەبووە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ دووبارە بووەتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی هەروەها گوتی، "لەبەر ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجە سبەی رەوانەی پەرلەمان ناکرێت، بۆ ماوەی مانگێک پشوو وەردەگرین و تا ئەوکاتیش بودجە پەسەند ناکرێت."

لای خۆشیەوە ئەندامی لیژنەی ئابوری ووەبەرھێنان لەپەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب) بۆ kdp.info گوتی، گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە بەردەوام دەبێت، چونکە دانانی بودجە لەسەر نرخی فرۆشتنی نەوت دادەنرێت و، رۆژانەیش نرخی نەوت گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆیە پێویستە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و لەسەر ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و کەرکووکیش رێککەوتن بکرێت، بۆیە بڕیارە سبەی شاندی حکوومەتی ھەرێم سەردنی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دارایی و وەزیری نەوتدا کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی کێشە داراییەکان چارەسەر بکرێن.

(نەجیب) زیاتر گوتی، "ئێمە وەکو پەرلەمانتارانی پارتی، ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیمان ساز کرد و تێیدا داوامان کرد، پێویستە بەغدا تەواوی پارەی ساڵی رابردوو کە خەرجی نەکردووە، خەرجی بکات و، بودجەی پێشمەرگە و بەشەبودجەی ھەرێمیش، بەبێ نەفەقاتی سیادی رەوانە بکات، جگە لەوەش پێویستە گوژەمەیەکی پارە بۆ ئاوارەکانی ھەرێم خەرج بکات کە، لەئێستادا زیاتر لە ملیۆنێک و800ھەزار ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ھەن."

بڵندئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار