ناكۆكی كەوتە ناو داعشەوە.. 30 تیرۆریست كوژران

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- پاش ئەوەی والیی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ كوژرا، ئێستا لەسەر دانانی والیی نوێ لە نێوخۆی تیرۆریستانی داعشدا ناكۆكی دروست بووە. هاوكات بە هۆی نەبوونی پێداویستیی پزیشكییەوە، چەندان ئافرەت لە نەخۆشخانەكانی مووسڵ گیانیان لە دەست داوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە KDP.INFOـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی والیی تیرۆریستانی داعش لە شاری مووسڵ هاتە كوشتن، تیرۆریستان فەرمانی دانانی والیی نوێیان بە ناوی (موعتەسم تەوعەڵڵا) دەركرد، بەڵام لە نێوخۆی تیرۆریستانی داعشدا ناكۆكی دروست بوو و نەیانهێشت ئەو والییە نوێیە دەستبەكار بێت، ناكۆكییەكەیش دوای ئەوە هات كە پێش دوو رۆژ 15 تیرۆریستی داعش ڕفێندران، ئەوان وای بۆ چوون كە ئەو والییە دەستی تێدا هەبووە، بۆیە بڕیاری دەستبەكاربوونی ئەو والییە راگیراوە.
(مەموزینی) گوتیشی، لەناو نەخۆشخانەی كۆماریی مووسڵ هەشت ئافرەت لەژێر نەشتەرگەریدا گیانیان لە دەست داوە ئەوەیش بە هۆی نەبوونی دەرمانی بێهۆشكەر بووە، ئەمە سەرەڕای بوونی سەدان نەخۆشی تری بێ چارەسەر لەو شارە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتی زیاتر گوتی، لە شارەدێی باشیك لە ئەنجامی بۆردوومانكردنی فڕۆكە جەنگییەكان بۆ سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش، 30 تیرۆریستی داعش كوژراون.
نەشوان بەرزنجی




