مووسڵ.. یەكەم كاروانی پێداویستیی سەربازی بۆ فێرگەی سەربازیی دووبەردان نێردرا

بەغدا-تایبەت بە KDP.info- پاش ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ سەردانی بەغدایان كرد و چەندان داواكارییان هەبوو یەكێك لەوانەیش پڕچەككردن و دابینكردنی مووچە بۆ بنكەی مەشق و راهێنانی سەربازی دووبەردان بوو، ئەمڕۆ یەكەم كاروانی پێداویستیی سەربازییان بۆ دابین كرا.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (هاشم بریفكانی)، بە KDP.INFO-ی ڕاگەیاند، یەكەم كاروانی پێداویستیی سەربازی گەییشتووەتە شاری هەولێر كە لە چەندان كەلوپەل و پارچە و پێداویستیی جۆراوجۆری سەربازی پێك دێت و بۆ بنكەی سەربازیی دووبەردان دابین كراوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە لیژنەی ئەمنی گوتیشی، "ئێستا جلوبەرگی سەربازی گەییشتووەتە بنكەی دووبەردان و بۆ دابەشكردن بەسەر سەربازاندا ئامادەیە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین هەفتەی داهاتوو لیژنەیەك لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دابەشكردنی مووچە بێت بەسەر ئەو سەربازانەدا كە لەو بنكە سەربازییەدا خۆیان ناونووس كردووە".
دەربارەی ئەوەی تاكو ئیستا ناوی چەند كەس لەو بنكەیەدا تۆمار كراوە، (بریفكانی) ئاماژەی دا كە، تاكو ئێستا ناوی 4 هەزار و 376 لەو بنكە سەربازییەدا خۆیان ناونووس كردووە و بۆ مەشق و راهێنان ئامادەن.
نەشوان بەرزنجی




