داعش 100 کوژراو و بریندار هەیە.. گورزی هاوپەیمانان 22ئۆتۆمبێلی لێ تێک شکاندوون

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتی ڕایگەیاند، تەنیا ئەمڕۆ هەینی، لە سنووری پارێزگای نەینەوا و لە سێ رووداوی جیادا، داعش نزیکەی 100 تیرۆریستی لە کوژراو و بریندار هەیە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(عیسمەت رەجەب) بۆ KDP.info راگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان، لە قەزای تەلەعفەر کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی داعشیان کردووەتە ئامانج کە 22ئۆتۆمبێل بوونە، لە ئاکامدا ھەر 22ـیان تێک شکێندراون و 30 چەکداریش کوژراون و57ـی دیکەیش بریندار بوون.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ لە ناوچەی بەرید لەلای چەپی مووسڵ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی داعش کردووە، لە ئاکامدا سێ تیرۆریست کوژران.
ئەو بەرپرسەی پارتی زیاتر گوتی، ھەر ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، چەکدارانی کەتیبەکانی مووسڵ ھێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی داعش لە ناوچەی عەزبەی باشووری مووسڵ کە ژمارەیەک چەکداری تێدا بوون، لە ئاکامدا چەند چەکدارێک کوژران و بریندار بوون.
ناوچەی عەزبە، گۆڕەپانی کوشتن و لێکۆڵینەوەی داعشە لەگەڵ ھاووڵاتیان و هەر لەو گۆرەپانەیەش دەیانشارنەوە.
بڵند ئیبراھیم




