٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نۆرەی تۆڵەی عەرەبە شیعەکانە.. عەرەبە سوننەكانی قەرەتەپە، سەعدیە و جەلەولا دەستگیر دەکەن و ماڵیان دەسووتێنن

سەرچاوە: KDP.info

کەلار-KDP.info-  چەكدارانی شیعە لە ناوچەكانی سەعدیە، جەلەولاو قەرەتەپە، هەڵمەتی سووتاندنی ماڵی عەرەبە سوننەكانیان دەست پێ کردووە و هەروەها ئەوانەی کە کەسانی دیار و گوماناویشن دەستگیریان دەکەن، بەم هۆیەشەوە عەرەبەكانی ناوچەكە لە ترسی تۆڵەسەندنەوە هەڵدێن.


ئەندامی ئەنجوومەنی ناحیەی قەرەتەپە (سەلاح بابان) بە KDP.infoـی راگەیاند: "پاش ئازادكردنی ناوچەكە، چەكدارانی شیعە لە سنووری قەرەتەپە، كەوتوونەتە سوتاندنی ماڵی عەرەبە سوننەكان لە گوندەكانی ناوچەكە و ژمارەیەك عەرەبی شوننەیشیان لەو گوندانە دەستگیر كردوون، ئەمەش بە تۆمەتی دەستهەبوونیان لەگەڵ چەكدارانی داعش".


(سەلاح بابان) گوتیشی: "هەر بە هۆی ئەو هەڵسوكەوتەی چەكدارەكانەوە، عەرەبە سوننەكانی شارەدێی قەرەتەپە و بە تایبەتی ئەوانەی پێشتر لە گوندەكانەوە ئاوارەی قەرەتەپە بوون، لە ئێستادا دەستیان بە كۆچكردن كردووە و لە ترسی چەكداران ناوچەكە بە جێ دەهێڵن و هەڵدێن".


روونشی كردەوە: "تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە خێزانە عەرەبە سوننەكان، ناوچەكەیان جێ هێشتووە بە تایبەتی ئەو خێزانانەی كە ترسیان لە خۆیان هەیە و هەروەها گومانیشیان لەسەرە."


لە لایەكی دیكەشەوە بەپێی زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوە و هەروەها هاووڵاتیانی سنوورەكەوە دەست كەوتوون، لە جەلەولا و سەعدیە چەكدارانی شیعە خانووی عەرەبە سوننەكان و بە تایبەتی ئەوانەی دیارن، دەتەقێننەوە یان دەیانسووتێنن  و هەروەها تا ئێستا چەند مزگەوتێكیشیان تەقاندووەتەوە."


شایانی باسە پێشتریش كە ئەو ناوچانه بە دەستی چەكدارانی داعشەوە بوون، حوسەیینییە و ماڵە شیعەكانیان دەتەقاندنەوە و هەروەها كەسێكی شیعەیشیان دەستگیر بكردایە، دەیانکوشت."

كاروان جاف
 

هەواڵی پەیوەندیدار