زەبری پێشمەرگە، گورزی فڕۆکە و ڕفاندن، بێهیوای کردوون.. داعش 300 زیندانیی بادوشی بۆ سووریا بردن

مووسڵ-KDP.info- تیرۆرستانی داعش لەناو مووسڵ بە تەواوی شڵەژاون و لە ئیستایشدا دەستیان كردووە بە گوازتنەوەی زیندانیانی گرتووخانەی بادوش بەرەو سووریا، لە ناو مووسڵیش 15 تیرۆریستی داعش ڕفێندراون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتی لە مووسڵ(سەعید مەموزینی) بەKDP.INFO ـی ڕاگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لە ئیستادا لە ناو شاری مووسڵ بێهیوا بوون، ئەمڕۆ هەینی 300 زیندانییان لە گرتووخانەی بادوشەوە بەرەو سووریا گوازتووەوە و هەندێكیشیان بەرەو دەوروبەری مووسڵ و ناوچەی گەیارە بردوویانن."
(مەمموزینی) زانیاریی زیاتر دا و گوتی: "لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری مووسڵ لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە، 15 تیرۆریستی داعش ڕفێندراون و هێشتا چارەنووسیان دیار نییە، بۆیە تیرۆریستانی داعش ترسی تەواویان لێ نیشتووە، لە لایەك لە دەوورووبەری مووسڵ هەر تیرۆریستێكی داعش دەڕواتە شەڕكردنەوە بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە و دواتر ناگەڕێتەوە، چونکە دەکوژرێ، لە ناوخۆی مووسڵیش پرۆسەی ڕفاندنیان دەستی پێ کردووە."
(سەعید مەموزینی) زیاتر گوتی: "لە ئەنجامی بۆردوومانكردنی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، كاروانێكی گەورەی تیرۆریستانی داعش لە تەلەعفەر كە 22 ئۆتۆمبێل بوون، تێك شكێنران و کۆی ئەو تیرۆریستانەیشی لە نێویدا بوون کوژران."
گرتووخانەی بادوش دووەم گەورەترین گرتووخانە بوو لە عێراق و لە دوای گرتووخانەی ئەبوغرێبەوە دێت، دەكەوێتە دووریی 25 كم باكووری رۆژئاوای شاری مووسڵەوە كە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە تەقێندرایەوە.
نەشوان بەرزنجی




