٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هۆشیار زێباری داوای جەنگی دژ بە گەندەڵی لە سوپادا دەکات.. نابێ سەربازی خەیاڵی بمێنن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  وەزیری داراییی عێراق(هۆشیار زێباری)، داوا دەکات چاکسازیی قووڵ بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی لەنێو ریزەکانی سوپای عێراقدا بکرێ، کە لە بەرانبەر داعشدا شکستی برد، ئەمە لە کاتێکدایە کە، لە هەوڵی ئامادەکردنی خەرجیی نزیکەی چارەگێکی میزانیەی ساڵی 2015ـیە بۆ بۆ وەزارەتی بەرگری.

(زێباری) هاوکات لە هەوڵدایە کە، نزیکەی 23 لە سەدی بودجەی گشتیی پێشنیازکراو بۆ ساڵی 2015 کە کۆی بڕی بودجەکە 100ملیار دۆلارە، بۆ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران پێشنیاز بکات.


ئەگەرچی هێشتا عێراق خەرجییەکانی ئەم ساڵی یەکلا نەکردوونەتەوە، بەڵام پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ لێتوێژینەوەی نێودەوڵەتی دەڵێ، بەغدا، 7.9ملیار دۆلاری لە 2013دا لە بەرگری خەرج کردووە. هاوکات وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەوەتەی 2011ـەوە کە لە عێراق کشاوەتەوە، پارە و پێداویستیی سەربازی بە بەغدا داوە.


کاتێک ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، لە یۆنیۆ-حوزێران پانتایێکی زۆری باکووری عێراقی داگیر کرد، بەرەوڕووی بەرگریی هێزەکانی سوپای عێراق نەبووەوە. لەوکاتەیشەوە کە ئەمەریکا ڕابەرایەتیی گورزە ئاسمانییەکان دەکات، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە گێڕانەوەی هەندێ خاکەی ناوچەکە هەبووە لە لایەن هێزە ئەمنی و میلیشیاکانی عێراقەوە.


(هۆشیار زێباری) جەخت دەکاتەوە، هێزە ئەمنییەکانی شیاوی هاوکاریکردنن لە بەرەوڕووبوونەوەی داعشدا، بەڵام دەشڵێت، زۆر پێویستە تۆکمەتر ڕێک بخرێنەوە.


وەزیری داراییی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، "بە دڵنیاییەوە ئێمە بە توندی پێشنیاز دەکەین کە، پێویستە چاکسازیی قووڵ لە نێو دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکاندا بکرێت، تا گەندەڵییان تێدا بنەبڕ بکرێ و ئیدارەدانی چاک بکرێت."
زیاتر گوتی، "هەمان کات، دەبێ سوپا لەو ژمارەیە دابماڵرێ. ژمارەی سەربازە خەیاڵییەکان، لەوەیش خراپتر ئیدارەکەیەتی."


سەربازە خەیاڵییەکان ئەو ناوانەن کە لە لیستی سەربازیی سوپادا هەن و کەسەکان نە دەردەکەون و نە بەشداریی جەنگیش دەکەن، بەڵام مووچەکەیان دەچێتە گیرفانی سەرکردەکانەوە. ئەم دیاردەیەیش پاش داڕووخانی سوپا لە بەرانبەر داعشدا دەرکەوتووە.


(زێباری) ڕایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە دەبێ ڕێک بخرێنەوە. دەبێ بە پێکهاتەکاندا لە ڕووی ژمارەدا بچنەوە. نابێ سەربازی خەیاڵی لە نێو رێزەکانی سوپادا هەبن."

زیاتر گوتی، دەبێ لێپێچینەوە لە بەرپرسانیش بکرێت دەربارەی، ژمارەی یەکە و چەک و تەقەمەنی و خواردەمەنییەکانیان، "ئەمانە بنەمای کارن و  کەسانی بلیمەتی ناوێ تا لێیان تێ بگات."


(زێباری) دەربارەی ئەو لێتێگەییشتنە سەرەتاییەیش کە لەگەڵ بەغدادا کرا، بە کەمبوونەوەی گرژیی لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستاندا ناو برد.
ئاماژەیشی دا، نابێ چاوەڕوانی بەرەنجامێکی جادووگەرانە بکرێ لە پێشووەچوونی هێزەکانی سوپادا و زیاتر گوتی "ئەمە کاتی دەوێ تا دۆخەکە هێور دەبێتەوە و.. تواناکانی خۆیان لە مەیدانی شەڕدا دەردەخەن."


گەشبینیش بوو بەوەی کە، دۆخی شەڕ پێچەوانە بووەتەوە و دەوڵەتی ئیسلامی کە دەوڵەتی خەلافەی ڕاگەیاند، باری لە لێژییە. دەشڵێت، ڕێکخراوی داعش ناتوانی چی دی خۆی لەبەر شەڕی هێزەکانی عێراقدا بگرێ، چونکە بە درێژایی ماوەی جەنگ، ئەو بەرەوڕووی گورزی ئاسمانی دەبێتەوە.

بەڵام هۆشدارییشی دا لەوەی کە، داعش هێشتا لە دروستکردنی مین و چاندنی لەسەر ڕێگاکان و مینڕێژکردنی ماڵاندا، توانای باشی ماوە.


(زێباری) ڕاشیگەیاند، پاش ئەو هەموو ساڵە، کەس نایەوێ دەوڵەتی خەلافەتی کیناوی ببینێت. ئەوان بە تەنیا مەترسییەک نین بەسەر بوونی ئێمەوە، بەڵکە ئەوان مەترسیێکی گەلێک گەورە و جیددین."

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار