بەغدا و داعش دەستەڵاتەکانیان بەش کردوون.. بێ مۆری داعش حکوومەت ڕێ بە بارهەڵگرەکان نادات بچنە خاکەکەیەوە

بەغدا-KDP.info- لەو شوێنانەی کە داعش دەستی بەسەردا گرتوون، حکوومەتی عێراق بە ناچاری مامەڵەیەکی ئیداری لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە توندڕۆیەدا دەکات، بە تایبەت لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و تەندروستی و خەجکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە.
هاووڵاتیێکی فەللوجە کە خۆی بە(ئەبو هومام) ناساندووە، بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، "جۆرێک لە دابەشکردنی دەستەڵات هەیە لە نێوان ڕێکخراوی داعش و حکوومەتی عێراقدا، کە بەغدا ناچار بووە مامەڵەی لەگەڵدا بکات."
لای خۆیەوە ڕاید(تەحسین) کە ئەفسەرێکی خاڵێکی پشکنینە لە نزیک شارۆچکەی فەللوجە، گوتی، جۆرێک لە پێکەوەژیانی ناچاری لە نێوان ڕێکخراوی داعش و دەستەڵاتەکانی حکوومەتدا هەیە، ئەمەیش لە مۆری داعشدا خۆی دەبینێتەوە کە لە نووسراوەکانی گومرگی داعشەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی وەردەگرن کە لە ئوردنەوە دێنە عێراق.
ئەو ئەفسەرە زیاتر گوتی، "ئەگەر هەر بارهەڵگرێک مۆری داعشی پێ نەبێ، بە واتای ئەوەیە کە گومرگی نەداوە و ئەوکات گومانی ئەوەی لێ دەکرێ ئەو شۆفێرە پێوەندی بە داعشەوە هەبێ"، ئەو ئاشکرایشی کرد کە، پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، "ڕێ بە هیچ بارهەڵگرێک نادەن کە مۆری داعشی هەڵنەگرتبێ."
زریان زیاد




