لاشەی 150 داعش گەیەندرانە نەخۆشخانەكانی مووسڵ.. حەوتیان پلەی ئەمیریان هەیە

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- پاش ئەو شكستە گەورەیەی تیرۆریستانی داعش، لە لایەن هیزەکانی پێشمەرگە لە بەنداوی مووسڵ دووچاری بوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە لاشەی كوژراوێكی زۆریان گەیاندووەتە نەخۆشخانەكانی ناو شاری مووسڵ و هەڵمەتی دەستگیركردنی خەڵكیاشیان دەست پێ كردووە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە میحوەری بەنداوی مووسڵ لە بەرامبەر پێشمەرگە قارەمانەكان خۆیان بۆ نەگیرا و زەبرێكی كوشندەیان بەر كەوت، ئەمڕۆ لاشەی 150 تیرۆریستی داعش كە لە بەنداوی مووسڵ و دەوروبەری كوژران، گەیەندرانە نەخۆشخانەی مووسڵ و حەوتیش لەوانە ئەمیرن.
(مەموزینی) گوتیشی، جیا لە کوژراوانیان، لەبەر زۆریی بریندارەكانیان، تیرۆریستان لە هاووڵاتیانیان قەدەخە كردووە بچنە نەخۆشخانەكان و دەوا و دەرمانەكان نادەنێ و تەنیا بۆ بریندارانی خۆیان بەكاریان بهێنن.
زیاتر گوتی، تیرۆریستانی داعش لەناو مووسڵدا بڵاو بوونەتەوە و بە وردی و شێوەیەکی بەرفراوان پشكنینێكی دەكەن و تائێستایش زیاتر لە 25 كەسیان دەستگیر كردوون، هەروەها لە هەندێك گەڕەكی ئەو شارە بە تەواوی هاتوچۆیان قەدەخە كردووە، ئەمەیش بۆ ئەوەیە كە بە خەڵك بڵێن (ئەبوبەكر بەغدایی) لە مووسڵە و نەكوژراوە یاخود بریندار نییە.
(مەموزینی) ئاماژەیشی دا كە، شەوی رابردوو والیی لای چەپی شاری مووسڵ بە ناوی (ئەبوشەهاب ئەلسووری) كوژراوە.
نەشوان بەرزنجی




