پەرلەمانی عێراق بەرەو پشو دەڕوات و بودجەیش لە حكوومەت ماوەتەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی كوردستانی رایدەگەیەنێت كە، تائێستا رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2015 نەگەییشتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و، وادەی پشووی دەستووری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عیراق لە لیستی كوردستانی (نەجیبە نەجیب) بە PDK.info-ی ڕاگەیاند، لە 1/12/2-2014، وادەی پشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و، تا ئیستایش رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2015 نەگەییشتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام لەگەڵ گەییشتنی ئەو پڕۆژەیاسایە پشووەكە ناهێڵدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، لە رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی عێراقدا كە حكوومەتی ناوەندی سەرقاڵی ئامادەكردنیەتی، زۆر شت هەن تێیدا دیاری نەكراون، لەوانە نرخی نەوتە كە لە بازاڕەكانی جیهاندا ئێستا یەك بەرمیلی نەوت بە 74 دۆلارە.
(نەجیبە نەجیب) ئاماژەی دا كە، 95%-ی بودجەی حكوومەتی عێراق پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، نرخی بەرمیلی نەوتیش لە بازارەكانی جیهان دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەیش كێشەی كەمیی نرخی نەوت دروست دەكات، چارەكردنی ئەو كێشەیەیش تەنیا بە زیادكردنی بڕی بەرهەمی نەوت دەبێت كە حكوومەتی ناوەند لەگەڵ هەرێمی كوردستان، رێككەوتنی بۆ بكات.
لەبارەی چۆنیەتیی رێككەوتنەكە ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی عێراق دەڵێت، بەغدا پێویستی بە رێككەوتنێكی گەورەیە لەگەڵ هەرێم كە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك بگرێتەوە، لە بەرامبەردا بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، لەگەڵ بودجەی هێزی پێشمەرگە، ئەگەر ئەو هەنگاوە نرا، ئەوا پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە سەركەوتوویی لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت.
(نەجیبە نەجیب)، گەشبینیی خۆی بە رێككەوتنی نێوان هەرێم و عێراق دەربڕی و دەڵێت، "گەشبینم بە رێككەوتنی سەرەتایی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی، چونكە سەرەتایەكی باشی بنیات نا بۆ گەییشتن بە رێككەوتنێكی چارەنووساز و چارەكردنی كێشەكانی دیكەی نێوان هەردوو لا."
نەشوان بەرزنجی




