٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فواد مەعسوم لە هەڵسوكەوتی مالیكی رازی نییە.. هەوڵی ئیقالەكردنی دەدات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- بە گوێرەی زانیارییەكان، سەرۆككۆماری عێراق (د. فواد مەعسوم)، دەیەوێ جێگری سەرۆككۆمار (نووری مالیكی) لە پۆستەكەی دوور بخاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەیش پێوەندی بە بەرپرسە گەورەكانی دیكەی عێراقەوە كردووە.


عێراق سندوقێكی پڕ لە كێشەدا
نووسەر (زیا شەممەری) لە ماڵپەڕی كیتابات بابەتێكی نووسیوە و پرسیارێك دەورژێنێ و دەڵێ، "ملیۆنان عێراقی لە رۆژگاری ئەمڕۆیاندا بە دوای ئەو پرسیارەوەن کە كێ حاكمی عێراقە، (مالیكی) یان (عەبادی)..؟ ئەو دوو سەركردەیە بەو رێگەیەی ئامانجیانە هەڕەمی دەستەڵاتی عێراق و، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن؟  دوادەركەوتنی (مالیكی) لە پارێزگاكاندا و، لێدوان و هەڵسوكەوتی بە لای زۆرێك لە عێراقییەكان وای تێ دەخوێندرێتەوە، هێشتا (مالیكی) حاكمی عێراقە نەك (عەبادی).
قسەكانی (مالیكی) كە لە پارێزگای ناسریە کە كردنی، جارێكی دی ترسێكی دیكەی بیر عێراقییەكان هێنایەوە كە، ئەو هێشتا حوكمی عێراق دەكات، خۆی لە شكست و قەیرانی عێراق بێبەری كرد، بەڵام ئەگەر لە هێرشی داعش بڕوانرێ، بەهۆی سیاسەتی چەوتی ئەو پیاوەوە، چوار پارێزگای عێراق لە ژێر دەستەڵاتی داعشدان کە (ئەنبار، مووسڵ، تكریت و دیالە)ـن،  بە دڵنیاییەوە ئەم شكستە هیی (مالیكی) بوو، كە لە ئێستایشدا بەرۆكی عێراقی گرتووە".

(زیا شەممەری) نووسیویەتی، "جارێك (مالیكی) لە مێدیاكانی ئێران دەردەكەوێت و جارێكی دیكە لە پارێزگاكان، ئەو پیاوە وا خۆی دەردەخات كە هێشتا حاكمی عێراقە. تا ئێستا وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق ددانی بە (عەبادی)ـدا نەناوە، خۆی لە شكستی سیاسی و ئابووریی عێراق دەشارێتەوە، لێدوان لە دژی كورد دەدات و، دژی سعوودیە و دەوڵەتەكانی دیكەی عەرەبی و توركیا، قسە دەكات، كە دەیەوێ لە شەقامی شیعەدا پێگەیەك دروست بكات و، بە ئێرانیش بڵێ، ئەو، تاكەكەسی عێراقە كە سیاسەتی ئێران و بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق، دەپارێزێ".

ئەمەریكا لە ساڵانی رابردوویدا وای لە (مالیكی) دەڕوانی، كە دۆستێكی نزیكیەتی، بەڵام لە دوای شكستی (مالیكی) كە بە هۆی سیاسەتی ئەوەوە چوار پارێزگای عێراق كەوتنە دەست داعشەوە، ئەمەریكایش پشتی لەو دۆستەی كرد و، هۆشداری پێدا كە دەستەڵات جێ بهێڵێ. لە ئێستایشدا عێراقییەكان (مالیكی) دەبینن کە لە دەرگای دەستەڵاتەوە چووەتەوە دەرەوە، بەڵام لە پەنجەرەی حوكم هاتووتەوە ژوورەوە.
(عەبادی)، جیاوازییەكەیە كە، ئایا دەتوانێ (مالیكی) لە دەستەڵات وەدەر بنێ؟ ئەمە پرسیارێكە لە داهاتوودا وەڵامی دەبێت. لە كێبڕكێی نێوان (عەبادی) و (مالیكی)ـدا عێراق بووەتە سندووقێكی پڕ لە كێشە، نە (مالیكی) لە حوكمی شەقام دەوەستێ..، نە (عەبادی) دەچێتە ژێر ركێفی (مالیكی)ـیەوە.
(مالیكی) لە پارێزگاكانی عێراق دژی (عەبادی) كەوتووەتە هێرشەوە، لە یەكەم لێدوانیش دەڵێ "ئەگەر ملیارێك دۆلارمان بۆ چەكدارە خۆبەخشەكانی شیعە خەرج نەكردبا، ئەوا نە حكوومەتی پێشوو دەما، نە ئەوەی ئێستا"، لە وەڵامیشدا (عەبادی) رایگەیاند كە لێدوانەكانی (مالیكی) لە بەهای سەركەوتنەكانی كەم ناكاتەوە.

سەرۆككۆمار دەیەوێ (مالیكی) بڕوات
بە گوێرەی هەواڵێكی عەباسییە نیوز، سەرۆككۆماری عێراق (د.فواد مەعسوم)، هەوڵەكانی بۆ دوورخستنەوەی (مالیكی) لە پۆستەكەیدا چڕ كردوونەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، هەریەك لە (ئەیاد عەللاوی) و (ئوسامە نوجێفی)، سەردانی سەرۆككۆماری عێراقیان كردووە و، پێیان راگەیاندووە كە، (مالیكی) لە سنووری خۆی دەرچووە و نیگەرانییەكانیان بە سەرۆككۆمار گەیاندووە، بەتایبەت لە سەردانی ئەم دواییەی (مالیكی) بۆ ناسریە كردوویەتی كە، تێیدا پێوەست بە شكستی مووسڵ و چەند پرسێكی دیكە، دەستی تۆمەتی بۆ كۆمەڵێ كەس درێژ كردووە.


ماڵپەڕەکە نووسیویەتی، سەرۆككۆماری عێراق، وێڕای ئەوەی بە (ئەیاد عەللاوی) و (نوجێفی) گوتووە كە، پێشووتر ئامۆژگاریی (مالیكی) كردووە، بەڵام باسی لەوە كردووە كە، (مالیكی) گوێ بۆ ئامۆژگارییەكان ناگرێت و بە هەوەسی خۆی رەفتار دەكات، ئەمەیش قبووڵ ناکرێ.
سەرۆككۆماری عێراق، پێوەندی كردووە بە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی (عەمار حەكیم)، سەرۆكی رەوتی سەدر (موقتەدا سەدر) و، وەزیری دەرەوەی عێراق (ئیبراهیم جەعفەری)ـیەوە، پرسی لادانی (مالیكی) لەگەڵدا تاوتوو كردوون، ئەمانیش تێكڕا لە رەوتاری (مالیكی) ناڕازین، بۆیە هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە كە، (مالیكی) لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە، چ بە رێگەی دەستلەكاركێشانەوەی، یان  بە رێگەی دەست پێ لەکارکێشانەوەی.

شاو كوردی

هەواڵی پەیوەندیدار