یەکێک لە چوار داعش كوژراوەکان، كوردە

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، داعش لە مووسڵ چوار ئافرەتی بە تۆمەتی جیاجیا گولـلەباران كردوون و لە دوو رووداوی دیكەیشدا سەركردەیەك و سێ تیرۆریستی داعش كوژران كە یەكێكیان كوردە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، داعش لە مووسڵ سێ ئافرەتی گولـلەباران كردن كە تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵی دابوو و هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە باس لەوە دەكەن كاری سیخوڕییان بۆ هەواڵگریی سوپای عێراق كردووە.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، دوێنێ چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ بۆمبێكی چێندراویان لە دەروازەی ناوچەی عەین جەحشی باشووری مووسڵ دانابووەوە كە بە ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی داعشدا تەقییەوە و سێ چەكداری تێدا بوون كە یەكێكیان كورد و ئەوی دیكەیش مەغربی بوو بە ناوەكانی (ئەبو ئەیوب كوردی) و (ئەبو عومەر سەیف ئەلئیسلام مەغریبی) كە دەچوون بۆ سەربازگەی وەلید بۆ مەشقكردن بە چەكدارەكانیان و هەرسێكیان كوژران.
(رەجەب) ڕوونیشی كردەوە كە، چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ لە ناوچەی رەجم حەدید لەلای راستی شاری مووسڵ سەركردەیەكی داعشیان بە ناوی (سەڵاح عەجەم) كوشتووە، كە لە هەواڵگریی داعش كاری كردووە و دەستی لە كوشتن و ئەشكەنجەدانی ژمارەیەكی زۆری سەرباز و پۆلیسی عێراقیدا هەبووە.
زیاتر گوتی، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ داعش ئافرەتێكی دیكەی لە ناوەڕاستی شاری مووسڵ گوللەباران كردووە كە پێشتر لە دادگەی مووسڵ كاری پشكنینی ئافرەتانی دەكرد، كە ویستوویەتی بەرەو كەركووك رابكات و چەكدارانی داعش دەستگیریان كردووە.
بڵند ئیبراهیم




