ئەردۆغان دەڵێ، ژن و پیاو یەکسان نین

ئیستانبووڵ-ڕۆیتەرز-KDP.info- سەرۆککۆماری تورکیا(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) لە کۆبوونەوەیەکی پیوەست بە ئافرەتان و دیموکراسییەت لە تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، یەکسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا بە سرووشت ناکۆکە، گوتیشی، ئافرەتان ددان بە بایەخی دایکایەتیدا نانێن.
(ئەردۆغان) کە بیر و باوڕە ئیسلامییە ڕادیکاڵییەکەی بەرەی لیبراڵەکانی کۆمەڵگەی تورکیای توڕە کردووە، زیاتر گوتی، ئافرەت بە سرووشتی خۆی هەستیارە و ئەمەیش بەو واتایەیە کە، ئەستەمە هاوتای پیاو بیخەیتە تای تەرازوویێکەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا جەخت دەکاتەوە کە، "ناشێت هەر کارێک بە ئافرەت بسپێریت کە پیاو دەیکات، وەک ئەوەی لە رژێمی شیوعییەتدا لە ڕابردوو پێڕۆ دەکرا."
زیاتر گوتی، پێویستە لەبەردەم دادگادا ژن و پیاو یەکسان بن، بەڵام دەبێ ددان بەوەیشدا بنرێ کە، ڕۆڵی هەریەکەیان لە کۆمەڵگادا جیاوازە.
زیاتر گوتی، "ناتوانیت پاچ و پێمەڕەیەکی بدەیە دەست و کاری پێ بکەی. ئەمە ئەو کارە نییە کە ئەو دەتوانێ بیکات.
(ئەردۆغان) کەوتووەتە بەر تۆمەتی ڕەخنەلێگرانی لە تورکیای زۆرینە موسوڵماندا، بەڵام بەدەستوور عەلمانی، بەوەی کە خۆی لە ژیانی تایبەتیدا هەڵدەقورتێنێ، لە نموونەی ئامۆژگاریکردنی ئافرەتان بەوەی کە ژمارەیەکی سنووردار منداڵیان ببێ و تێڕوانینەکانی پێوەست بە لەباربردنی منداڵ.
بەڵام گوتارە وروژێنەرەکەی پێوەست بە جیاکاری، وەهای کردووە کە لە مۆڵگەی ئانادۆڵوی ئایینپەروەرەوە لەو وڵاتە، لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکایەتیی وڵاتدا بیباتەوە.
(تەییب ئەردۆغان) دەڵێ "دینەکەمان پلەوپایەیەکی داوە بە ئافرەت. ئەو پلەوپایەیە چییە؟ ئەوە پلەوپایەی دایکایەتییە.. دایکایەتی شتێکی جیاوازە و پلەوپایەیەکە کە بەهاکەی نانرخێندرێ."
زیاتر گوتی، "هەن لەوە تی دەگەن و هەیشن تێی ناگەن. ناشتوانیت ئوە بە بالای ئافرەتاندا ببڕیت کە دایکایەتییان قبوول نییە. ئەوان ئەو تۆمەتانە نابەخشنەوە."
ئابووریناسان کەمیی ڕێژەی بەشداریی هێزی کاری ئافرەتان، بە کۆسپێک لەبەردەم گەشی ئابووریی تورکیادا دەبیننەوە، ئەمەیش لە کاتێکدا کە یەکیەتیی ئەورووپا کە تورکیادا لەگەڵی لە دانوستاندایە بۆ ئەوەی بچێتە نێو یەکیەتییەکەیەوە، ئەو وڵاتەی هان داوە تا کۆششی زیاتر بدات بۆ باشترکردنی دۆخی یەکسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز.
بەرپرسی کۆمەڵەی تایبەت بە مافەکانی ئافرەتان(گونوول کاراهان) دەڵێ، "درک بەوە دەکەین کە لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە هاوتای پیاو نییە، بەڵام یەکسانی پێوەستە بەوەی کە مافەکانی یەکسان بێ و دۆخێکی یەکسان و دەرفەتی یەکسانی بۆ بڕەخسێندرێ."
(کاراهان) زیاتر گوتی، "ئەو ئافرەت تەنیا وەک دایک دەناسێت. ئەمە جیاکارییە دژ بە کۆی ئەو ئافرەتانەی کە منداڵیان نییە. هەمیشە چەند شتێک دەڵێتەوە."
زریان زیاد




