داعش كڵێسای گۆرگیسی تەقاندەوە.. بوتڵێک غاز بە 100 هەزار دینارە

مووسڵ-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ، تیرۆریستانی داعش كڵێسای گۆرگیسی كریستیانەكانیان لە مووسڵ تەقاندەوە. هاوكات بژێویی ژیان لەو شارەدا سەخت بووە و نرخی بوتڵێک غاز گەییشتووەتە 100 هەزار دینار.
تیرۆریستانی داعش، لە كاتی داگیركردنی مووسڵەوە تا ئێستا، چەندین مەزارگەی ئایینی و كڵێسا و تەكیەیان لە مووسڵ تەقاندووەتەوە. ئەم ئێوارەیەیش كڵێسای گۆرگیسیش لەلایەن تیرۆریستانەوە لە مووسڵ كرایە ئامانج و تەقێنرایەوە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) هەواڵی تەقینەوەی كڵێساكەی بۆ kdp.info پشتراست كردەوە و گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە گەڕەكی عەرەبی لای چەپی مووسڵ كلێسای گۆرگیسیان بومبرێژ كرد و تەقاندیانەوە.
(عیسمەت رەجەب) دەشڵێت، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بڕێكی زۆری تەقەمەنی لە تەقاندنەوەی كڵێساكە بەكار هێنراوە، بۆیە بە تەواوەتی كڵێساكە خاپوور بووە، بەڵام زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
(رەجەب)، جەختی كرد كە هاووڵاتیانی مووسڵ لە داعش بێزار بوون، چونكە بژێویی ژیان سەخت بووە و تەنیا یەك بوتڵی غاز ئەمڕۆ، نرخەكەی بە 100 هەزار دینار بووە.
بڵند ئیبراهیم




