20 ئەفسەر: مالیكی تۆمەتباری شكستی مووسڵە.. سەندنەوەی حەسانە و رادەستكردنی بە دادگای بەدواوەیە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە شكستی مووسڵ، ئاشكرای كرد كە، ژمارەیەك ئەفسەری باڵا بەر لە لێكۆڵینەوە دەڵێن، (مالیكی) هۆكاری شكستی مووسڵە. دەشڵێت، ئەگەر ئەو گوتانە راست بن، وەرگرتنەوەی حەسانە لە (مالیكی) و رادەستكردنی بە دادگای بەدواوەیە.
ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە شكستی مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە kdp.infoـی راگەیاند، بڕیارە رۆژی چوارشەممە لیژنەكەیان بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە شكستی مووسڵ كۆ ببێتەوە، سەرەتایش بانگهێشتی زیاتر لە 20 ئەفسەری پلەبەزیان كردووە، تا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت و هۆكاری شكستەكە روون بكرێتەوە.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاماژەی دا، ئەو قسەی لەگەڵ چەند ئەفسەرێكی باڵای سەربازی كردووە، هەموویان سەرۆكوەزیرانی پێشوو (نووری مالیكی) بە هۆكاری شكستی مووسڵ ناو دەبەن و دەڵێن، پێشووتر بە (مالیكی)ـیان گوتووە و ئاگاداریان كردووەتەوە لە بارەی شكستی مووسڵ، بەڵام بێدەنگ بووە و، رێگری لە تیرۆریستان نەكردووە.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتیشی، لە ئێستادا گەر بە گوتەی ئەفسەرە باڵاكان بێت، (مالیكی) لە شكستی مووسڵ، تۆمەتاباری سەرەكییە، جگە لەوەیش بەڵگە هەیە كە، پێشتر (مالكی) ئاگاداركراوەتەوە، لەوانە هەرێمی كوردستان پێی راگەیاندووە كە كارێكی لەو شێوەیە لە ئارادایە، بەڵام ئەو خۆی بێ دەنگ كردووە.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) روونی دەكاتەوە، ئەگەر ئەو ئەفسەرانە گوتەی خۆیان لە لێكۆڵینەوەكەدا نەگۆڕن، سەرەتا میوانداریی (مالیكی) دەكرێت لەبەر ئەوەی حەسانەی هەیە و جێگری سەرۆككۆماری عێراقە، دواتر ئەگەر گوتەی ئەفسەرەكان راست بوون، ئەوا دەست بە كۆكردنەوەی واژۆ دەكرێت بە مەبەستی وەرگرتنەوەی حەسانە لێی و، دواتر رادەستی دادگا دەكرێت، تا بە سزای خۆی بگات.
بڵند ئیبراهیم




