پارێزگاری دیالە: حکوومەت بەرپرسیارە.. ڕفاندن و کوشتنی هاووڵاتیان لە لایەن میلیشیاکانەوە بەردەوامە

دیالە-KDP.info- پارێزگاری دیالە(عامر ئەلمەجمەعی) لە دیاردەی ڕفاندن و تیرۆرکرن لە سنووری پارێزگاکەی هۆشداری دا و، دەڵێ، بەرپرسارەتیی گیانی ئەو هاووڵاتیانەی ڕۆژانە دەبنە قوربانی لە ئەستۆی حکوومەتدایە.
لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی پارێزگاردا کە ئەمڕۆ بلاو کراوەتەوە، هاوکات هاتووە، کۆی دیاردەی ڕفاندن و کوشتنی هاووڵاتیان کە لەلایەن ئەو هێزە میلیشیاییانەوەیە کە بە زۆربەی شەقامەکانی پارێزگادا بڵاو بوونەتەوە و بۆ ئەم تاوانکارییەیشیان هێزە ئەمنییەکان دەستیان لە پشت دەدەن.
بەپێی بەیاننامەکە(عامر ئەلمەجمەعی)، نیگەرانیی خۆیشی راگەیاندووە لەوەی کە، بەندەکانی دواڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی دیالە و سەرۆکوەزیارن (حەیدەر عەبادی)، جیبەجی ناکرێ، کە گرینگترینیان بەرگرتنە لە دیاردەی ڕفاندن و کوشتن لە پاریزگای دیالە کە لەسەر دەستی میلیشیاکان ئەنجام دەدرێن و زۆربەیشیان لەسەر حکوومەت حیسابن و پێوەندیشیان بە هەندێک لە سەرکردە ئەمنییەکانی پارێزگای دیالەوە هەیە.
زریان زیاد




