ئانکارا هێشتا سەختگیرە.. بێ ڕێککەوتنی بەرچاو، (بایدن) تورکیای جێ هێشت

هەولێر-KDP.info- بێئەوەی چارەی جیاوازییەکان بکەن پێوەستن بە بنەبڕکردنی جیهادییەکان لە سووریا و عێراق، هاوکات بێئەوەی پرسی دانی چەک کوردانی کۆبانی یەکلا ببێتەوە، جێگری سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تورکیای جێ هێشت، بەڵام چاودێرانی سەردانە سێ ڕۆژییەکەی (جۆو بایدن) دەڵێن، جۆرێک لە نزیکی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەی هاوپەیمانی ناتۆ، هاتووەتە ئاراوە.
لە سێ ڕۆژی مانەوەی لە تورکیا، جێگری سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا(جۆو بایدن)، چەند سەعاتێک لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) و سەرۆکوەزیران(ئەحمەد داوودئۆغڵو)ـدا کۆ بووەتەوە، تێیاندا بەرەنگاربوونەوەی داعشیان خستووەتە بەر باس. هەڵبەت مانەوەی جیاوازیی ستراتیژیی نێوان ئەو دوو وڵاتە پێوەست بە بنەبڕکردنی تیرۆر، مایەی نیگەرانیی واشنتنە.
پێچەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تورکیا دژ بە دانی چەکە بە ئەو هێزە کوردییەی کە بەرگری لە کۆبانیی ڕۆژاوای کوردستان دەکات و دژ بە تیرۆریستانی داعش وەستاونەتەوە.
زانراویشە کە لەژێر گوشاری هاوپەیمانانیدا، ئانکارا ڕازی بوو تەنیا 150 پێشمەرگەی کوردستان لە هەرێمی کوردستانەوە بە خاکەکەیدا تێپەڕ ببن و بۆ بەرگری لەو شارە بچنە کۆبانی.
تورکیا باوەڕی وایە کە، بە تەنیا گورزی سەربازی لە ئاسمانەوە، تیرۆری لە سووریا پی لە ناو نابرێ، بە لەنێوبردنی ڕژێمی (بەشار ئەسەد) نەبێ، دوژمنە سەرسەختەکەی.
پاش کۆبوونەوە چوار سەعاتییەکەیان، (بایدن) و (ئەردۆغان) هیچ شتێکیان دەربارەی کۆبوونەوەکەیان بە دەستەوە نەدا کە، پێوەست بێ بە بەشداریی ئانکارا لە هاوپەیمانیی سەربازیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات. تەنیا هێندە نەبێ کە، (بایدن) گوتی، "هاوپەیمانەتیمان لە هەر کاتێکی دی پتەوترە."
لای خۆیشییەوە(ئەردۆغان) دەربارەی دۆخی پیوەندیی نێوان خۆیان و ئەمەریکا گوتی، "زۆر تۆکمە و زۆر بەهێزە."
گەورەبەرپرسێکی ئەرمەریکایی پێی وایە کە، نائامادەیی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بە واتای شکستی دانوستانەکان نییە.
ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، ئەو کۆمەڵە دیدارانە، ڕێخۆشکەر بوون بۆ نزیکبوونەوەی هەلوێستی نێوان هەردوو وڵاتی هاوپەیمانی ناتۆ، ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی جۆر و دۆخی پێوەندییان بەر لە چەند مانگێک.
ئەو بەرپرسە زیاتر گوتی، "ئێمە تەواو کۆکین لەوەی کە، دەوڵەتی ئیسلامی شکست دەبات(...)، پێوەست بەم پرسە و ئامانجی سەرەکیی ستراتیژیەتی سەربازییش لێکتێگەییشتن لە نێوانماندا هەیە."
ئەو ئەگەرچی ڕێککەوتنی نێوانیانی بە گرینگ ناو برد، بەڵام نەیشاردەوە کە، بۆ داگیرساندنی گڵۆپی سەوز بۆ بەکاربردنی بنکەی ئەنجەرلیک بۆ هاوپەیمانان، لە لایەن تورکیاوە، هێشتا پێویست بە دانوستان و لێکتێگەییشتن هەیە.
تەنیا هاوکاری کە تا ئەم ساتە تورکیا دژ بە داعش کردبێتی، ڕێگەدان بووە بە هێزێکی پێشمەرگە بە خاکەکەیدا بۆ کۆبانی تێپەڕ ببێ.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە کە ناوی نەبراوە هاوکات بە AFP دەڵێت، "کۆبانی بوو بە ناوەندی تاقیکردنەوە کە دەتوانین کاری لەسەر بکەین"، ئاماژەیشی دا "متمانەیەکی کردەنی" لە نێوان هەردوو لادا.
تورکیا چەندان جار ڕایگەیاندووە کە، بێ دابینکردنی ناوچەیەکی ئاساییش و دژەفڕین لە سەر خاکی سووریا بە ئاراستەی سنووری تورکیا، ئامادە نییە هاوکاریی هاوپەیمانان بکات و خۆی بخزێنێتە شەڕێکەوە کە لە بەرژەوەندیدا نەبێ.
هاوکات ئانکارا داوای کردووە کە، ستراتیژێکی نێودەوڵەتی هەبێ کە هەموان بە ڕووخاندنی (ئەسەد)ـەوە وابەستە بکات.
زریان زیاد




