داعش كوردێكی لە مووسڵ گولـلەباران كرد.. گوندی تەیراوە تەعریب دەكەن

مووسڵ-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ كوردێكیان گولـلەباران كردووە، بە بیانووی بوونی پێوەندیی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ داعش لە مووسڵ كوردێكیان بە ناوی (هانی حوسێن) گوللەباران كردووە، كە خەڵكی وانێیە و، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە دەڵێن پێوەندی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا هەبووە.
(مەموزینی) گوتیشی، هەر ئەمڕۆ 18خێزانی دیكەی عەرەبیان بۆ گوندی تەیراوە هێناوە كە، گوندی كوردانی شەبەكە و، ئەوخێزانانەی هاتوونەتە ئەو گوندەیش، خەڵكی روممادین.
هەروەها راشیگەیاند، هەر ئەمڕۆ فرۆكە جەنگییەكان مۆڵگەكانی داعشیان لە ناوچەكانی تەنیە و شەحیە لە سنوری وانێ بۆردوومان كردووە و، لە ئاكامدا چوار تیرۆریست كوژران و، هەشتی دیكەیش بریندار بوون.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی ڕوونیشی كردەوە، لە ناوچەی دەرگزلی لە رۆژهەڵاتی مووسڵ تەرمی دوو تیرۆرستی داعش دۆزراونەتەوە كە، نازانرێت چۆن كوژراون.
بڵند ئیبراهیم




