ئەمڕۆ داعش 25 پۆلیسی دەستگیر كردن.. شەشیان گوللەباران كران

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەڵێت، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش 25 پۆلیسیان دەستگیر كردوون و شەشیش لەوانە گوللەباران كراون، بە گومانی ئەوەی كاری سیخوڕییان بۆ فڕۆكە جەنگییەكان كردووە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مموزینی)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش 25 پۆلیسیان لە ناوچەی كەرامە دەستگیر كردوون كە پێشتر تۆبەیان كردبوو، هەر ئەمڕۆیش شەشیان لەوانە گوللەباران كران.
(مەموزینی) گوتیشی، هۆكاری دەستگیركردنیشیان ئەوەیە كە گومانیان لێ دەكرێت ئەو پۆلیسانە زانیاری لەبارەی مۆڵگەكانی داعشەوە بدەنە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان.
ڕِوونیشی كردەوە كە، هەر ئەمڕۆ 150 خێزانی دیكەی عەرەبیان بۆ ناوچە شەبەكنشینەكان هێناوە و لەوێ نیشتەجێیان دەكەن و چەكیان پێ دەدەن بۆ ئەوەی شەڕی كوردیان پێ بكەن.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی ئاماژەیشی دا، بەو ژمارەیەیشەوە كە ئەمڕۆ هێندراونەتە ناوچە شەبەكنشینەكان، ژمارەی عەرەبەكان دەگاتە 768 خێزان.
بڵند ئیبراهیم




