پارێزگاری مووسڵ و 24 بەرپرسی باڵای دیكە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، "پارێزگاری مووسڵ و، 24 بەرپرسی دیكەی باڵا لە مووسڵ، لیكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و، لێكۆڵینەوەكەیش پێوەستە بە شكستی بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری مووسڵ، لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، (شاخەوان عەبدوڵا) بە kdp info-ی راگەیاند، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە شكستی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی مووسڵ، 25 بەرپرسی ئەمنی و ئیداری، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. دەشڵێت، "لیژنەكەی ئێمە دەستی بە كارەكانی كردووە، هەموو ئەو بەرپرسە ئەمنی و ئیداریانەی كە لە مووسڵ بوون بە پارێزگاریشەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، كە ژمارەیان 25 بەرپرسە، لەنێویانیشدا سەرۆكفەرماندە هەن".
پەرلەمانتارەكەی عێراق، ئەوەیشی خستەڕووكە، سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر داوای 89 پەرلەمانتار بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی داوە و، ئەو 25 كەسەیش هەندێكیان لە دۆسێی گەندەڵی تێوە گڵاون بە تایبەت لە گرێبەستی كڕینی چەك و تەقەمەنی، دۆسێكانیان دەدرێتە لیژنەی دەستپاكی و، چاوەڕوانی بڕیاری سزادانیش دەكرێت.
جێی ئاماژەیە، لەمانگی حوزەیرانی 2014، تیرۆریستانی داعش، مووسڵی داگیركرد.
یەحیا سابیر




