٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە دەكات.. رەنگە كۆتایی ئەم مانگە بگاتە پەرلەمان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ئێستادا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەیە بۆ ئەوەی بە جۆرێك ئامادەی بكات بێ كێشە رەوانەی پەرلەمانی بكات و رەنگە كۆتایی ئەم مانگەیش بگاتە پەرلەمان.

ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لە ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەكی پێك هێناوە كە لە سەرۆكوەزیران، وەزیری دارایی، وەزیری نەوت و وەزیری پلاندانان پێك هاتووە و سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2015-ی عێراقن كە دەیانەوێت ئەم جارە پڕۆژەیاسایەك ئامادە بكەن هیچ كێشەیەكی تێدا نەبێت.

(نەجیبە نەجیب) گوتیشی، لەو پڕۆژەیاسایەدا بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 80 دۆلار دانراوە و بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش لەبارەی بودجەوە، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی بەغدا دەكات.

ئەو پەرلەمانتارە كە لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستانە زیاتر گوتی، چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، چونكە ئەگەر تا ئەو كاتە رەوانە نەكرێت پەرلەمان پشوو وەردەگرێت و ئەو كات پەسەندكردنی بودجە دەكەوێتە ساڵی نوێوە، بەڵام ئەگەر رەوانە بكرێت پەرلەمان پشوو وەرناگرێت.

ڕوونیشی كردەوە كە، ناردنی 500 ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا وەكو نیازپاكییەكە بەرامبەر هەرێم، ئەگەر نا بەشی مووچەی مانگێكی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناكات، چونكە ئەو بڕە پارەیە دەكاتە نزیكەی 600 ملیار دینار كە مووچەی تەنیا مانگێكی فەرمانبەران 830 ملیار دینارە و بەشی ناكات، بۆیە ئەگەر لە رێی یاساوە رەوانە بكرێت، پێویستە یەك ترلیۆن و 300 ملیار رەوانە بكات.

(نەجیبە) ئاماژەیشی دا، چاوەڕوان دەكرێت ئەو بڕەپارەیە كاتێك شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا، رەوانەی بكرێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار