داوودئۆغڵو: ئێمە پێداگرین لەسەر قۆناخی چارەسەری

مانیلا-KDP.info-AA- سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو) ڕایگەیاند، وڵاتەكەی پێداگرە لەسەر پێشڤەچوون و سەرخستنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و رەنگە دیدارەكانی نێوان حكوومەت و هەدەپە بۆ ئەو مەبەستە درێژەیان هەبێت.
سەرۆكوەزیرانی توركیا كە ئێستا لە مانیلای پایتەختی فیلیپینە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەبارەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا گوتی: "رۆژێك پێش ئەوەی ئەم سەردانە ئەنجام بدەین، كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ ئەو لێژنەیەدا كرد كە تایبەتە بە قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و، لەگەڵ دامەزراندنی حكوومەتی توركیادا، دامەزراوە. ئێمە لەو كۆبوونەوەیەدا باسمان لە بارودۆخەكە كرد و گفتوگۆمان لەسەر ئەوە كرد كە چۆن دەتوانین كاریگەری نەرێنی خۆپیشاندانەكانی كۆبانێ لەسەر حكوومەت، قۆناغی چارەسەری و خەڵك لا ببەین".
(داوودئۆغڵو) لەبارەی لێدوانەكانی هەدەپەیشەوە گوتی: "هەڵوێستی حكوومەتی توركیا لە بەرامبەر ئەو پرسەدا روون و ئاشكرایە، پێش دوو رۆژ دووبارە جەختمان لەوە كردەوە كە قۆناخی چارەسەری، تەنیا بە پاراستنی ئاساییش و ئارامیی رای گشتی، دەتوانێ سەركەوتوو بێت، چونكە ئەو قۆناخە، قۆناخی قەیران و ئاڵۆزیی نییە و قۆناخێكیش نییە كە هەركەس بەپێی ویست و ئارەزووی خۆی پلان و بەرنامەكانی جێبەجێ بكا، بەڵكو قۆناخێكە هەموو چین و پێكهاتەكانی توركیا بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەكی ئایینی و ئەتنیكی هاووڵاتی یەكسانی توركیا بن و بە شێوەیەكی یەكسان و بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەك لە هەموو جۆرە ماف و ئازادییەك سوودمەند بن. هەر لەو چوارچێوەیەدا ماوەی 12 ساڵە حكوومەتی ئێمە هەنگاوی وای ناوە كەس بیری لەوە نەدەكردەوە هەنگاوێكی بەو جۆرە بنرێت، بەڵام رووداوەكانی 6 و 7ی تشرینی یەكەم هەڵمەتێك بوو هەم لە دژی حكوومەت و هەم لە دژی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد بەڵام لێدوانەكانی ئەم دوایەی هەدەپە نیشانەی ئەوەن كە ئەوانیش هەستیان بەو راستییە كردووە و لە راستیدا لێدوانەكانیان جۆرەیەك رەخنە لەخۆ گرتنە و چاوەڕوانی ئەوەین لەمە بەدواوە هەدەپە لە چوارچێوەی ئەو لێدوانانەدا هەڵسووكەوت بكات".
(داودئۆغڵو) زیاتر گوتی: "پێش ئەوەی لە توركیا دەربچم لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیادا قسەم كرد و رامسپارد كە ئەو دیدارانە لەگەڵ شاندی هەدەپەدا ئەنجام بدات، لێرەیشەوە چاودێری رەوشەكەمان كرد و پێشتر و دواتریش لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیران (یاڵچین ئاکدۆغان)-دا قسەمان كرد و باسمان لە قۆناخی چارەسەری كرد، ئەو دیدارانە درێژەیان دەبێ، بەڵام بەو مەرجەی كە هیچ كەس و لایەنێك بە ناوی قۆناخی چارەسەرییەوە، هەوڵ بۆ تێكدانی ئاساییش و ئارامیی توركیا نەدات، تا ئەوكاتەی كەس گوشار نەخاتە سەر هاووڵاتیانی كورد ئەو جۆرە دیدارانە بەردەوام دەبن. پێداگری و بڕیاری حكوومەت بۆ بەرەو پێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری بەردەوامە و لەمەودوایش ئەو هەڵوێستەمان بەردەوام دەبێت و پاش گەڕانەوەم بۆ توركیا لەگەڵ هاوڕێكانمان كۆ دەبینەوە و باس لە بارودۆخەكە دەكەین و دواتر سەردانی عێراق دەكەم و، پێش ئەوەی سەردانی عێراق بكەم، لەو بارەیەوە كە لە داهاتوودا بۆ قۆناخی چارەسەری چیی پێویستە ئەنجام بدرێت زانیاری پێویست وەردەگرم و لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری پێویستیش رادەگەیەنین".




