٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داعش هاواری لێ هەڵساوە و بێهەژمار كوژراو و برینداری هەن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایگەیاند، بێهەژمار تیرۆریستانی داعش لە نێو مووسڵ كوژراو و برینداریان هەیە و لە بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە بانگهێشتی خەڵك دەكەن بۆ ئەوەی خوێن ببەخشن.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ  36 قوتابخانەی ئایینییان داخستووە كە، زۆرینەی سەر بە حكوومەت و وەقفی سووننەن و لەنێویاندا قوتابخانەی ناوەندیی حەدبای ئیسلامی هەیە.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ گوتیشی، هەر ئەمڕۆ داعش لە مووسڵ دەستی بەسەر خانووی وەزیری نوێی بەرگریی عێراق (خالید عوبەیدی)دا گرتووە.

(عیسمەت رەجەب) دەشڵێت، شەوی رابردوو لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە چەندین مۆڵگەی داعش لە مووسڵ بۆردوومان كراون، لەوانە بینای ئەكادیمیای پۆلیسی نەینەوا كە پارەیەكی زۆری داعش لەو شوێنە هەڵگیرابوو سووتاوە و، چەندین تیرۆریستی داعشیش كوژراون و بریندار بوونە.
ئەو بەرپرسەی پارتیی لە مووسڵ ئاماژەیشی دا، هەر شەوی رابردوو فڕۆكەكانی هاوپەیمانان كارگەی رستن و چنینیان لە لای راستی شاری مووسڵ بۆردوومان كردووە و لەئاكامدا ژمارەیەكی زۆری چەكداری داعش كوژراون و بریندار بوون.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری كوژراو و بریندارەوە، لە بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە داوای خوێن بۆ بریندارەكانیان دەكەن، چونكە بێهەژمار تیرۆریستان كوژارو و برینداریان هەیە.

جێی ئاماژەیە، دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، كارگەی رستن و چینینی مووسڵیان پێكا كە بە گوێرەی زانیارییەكان ئەو كارگەیە مووشەكی دوورهاوێژی تێیدا هەڵگیرابوو، لە كاتی تەقینەوەی چەند مووشەكێكیش، ترس باڵی بەسەر ئەو شارەدا كێشابوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار