خەسرۆ گۆران: هیچ لیژنەیەكمان لە دەست نەداوە و بە هەڵبژاردن وەری دەگرینەوە
__2014_11_18_h15m47s20__LB.jpg)
بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا ئەو پێنج لیژنەیەی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ كورد دەستنیشان كراون، بە تەواوی یەكلا نەكراونەتەوە. جەختیشی كردەوە كە، "كورد هیچ لیژنەیەك لە دەست نادات و هەڵبژاردن بۆ لیژنەیەك دەكرێتەوە و وەری دەگرینەوە".
دوێنێ هەندێ لایەن وایان پیشان دا كە، كورد لیژنەكەی لە پەرلەمانی بەغدا لە دەست داوە، بەڵام لە بەرانبەردا سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق (خەسرۆ گۆران) دەڵێت، "ئەو لیژنەیە مافی كوردە و هەڵبژاردنی بۆ دەكرێتەوە و كەسی دی ناتوانێت ئەو مافە لە كورد زەوت بكات و لیژنەكە وەردەگرینەوە".
(خەسرۆ گۆران) ئاماژەی دا، "لە پەرلەمانی عێراق، پێنج لێژنە، پێنج جێگری سەرۆك و پێنج بڕیاردەر بۆ كورد دەبن، ئێمە ڕێزمان هەیە بۆ لایەنەكان ئەوە نییە كە تەنیا پارتی و یەكێتی لیژنەكان قۆرخ بكەن، هەر چەند ژمارەی كورسییەكانمان زۆر جیاوازییشی هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بە برایانە لیژنەكان یەكلا بكرێنەوە و، دووپاتی دەكەمەوە هیچ یەكێك لەو لیژنانە لە دەست نادەین كە، بۆ كورد دەستنیشان كراون، جا سەرۆكی لیژنە بێت، جێگر یان بڕیاردەی لیژنەكان".
(گۆران)، ئەوەیشی خستە ڕوو، پێنج لیژنەكەی پەرلەمان هەمووی یەكلا نەبوونەتەوە بە تایبەت لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە و چەند لیژنەیەكی دیكە.
پێوەست بە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانییەوە كە چۆن دیاری دەكرێت، (خەسرۆ گۆران)، دەڵێت، "ئەو پۆستە بە شێوەی هەڵبژاردن، دەنگدان و ڕێككەوتن دەستنیشان دەكرێت، بۆیە هاوپەیمانیی كوردستان تا ئێستا پێك نەهاتووە، بەڵام پێش هەردەنگدان و پڕۆژەیەك ئێمە گفتوگۆمان هەیە، ئەگەر هاوپەیمانیی كوردستانیمان هەبێت، بڕیارەكانمان بەهێز دەبن".




