عەبادی بڕیاری داوە، کەسانی باڵا لە وەزارەتی نێوخۆ دوور بخاتەوە

بەغدا-KDP.info- سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی نیشتیمانیی عێراقی ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق(حەیدەر عەبادی) بڕیاری داوە، وەزارەتی نێوخۆ لە هەموو ئەو کەسانە پاک بکاتەوە کە گومانی گەندەڵییان لێ دەکرێ و لە (نووری مالیکی)ـیەوە نزیکن، ڕوونیشی کردەوە کە، گۆڕانکارییەکان جێگر وەزیر و ڕاوێژکارەکان دەگرێتەوە، (عەدنان ئەسەدی)ـیش لە نێو ئەوانەدایە کە لادەدرێن.
سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ببرێت بە ماڵپەڕی تەغییری ڕاگەیاندووە، پاککردنەوەی وەزارەت لە گەندەڵکاران و ئەوانەی کە بە کارکردن و خزمەتکردن بە سەرۆکوەزیرانی پێشوو(نووری مالیکی) قەرزدارن، بە چەند قۆناخێک لادەبرێن، هەڵبەت بە یەک جار ناکرێ، ئەمەیش بە هۆی ئەوەوەیە کە، (عەبادی) ناخوازێت کاریگەریی لادان و گۆڕانکارییەکان لە هەردوو وەزارەتی نێوخۆ و بەرگرییەوە، ببێتە هۆیەک کە، بە پشتیوانیی (مالیکی) پشێوی لەو دوو وەزارەتەدا بنرێتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەیشی دا کە، ئەو هەڵمەتی لادان و گۆڕانکاریانەی (عەبادی) ئەنجامیان دەدات، دەستگای هەواڵگریی نیشتیمانی و ئاژانسی هەواڵگریی فیدراڵیش دەگرێتەوە.
جەختیشی کردەوە کە، پاککردنەوەی وەزارەتی نێوخۆ، چونکە گەورەمافیای مەترسیدار خزێندراونەتە نێو ئەو وەزارەتەوە و ئەو بڕیارەیش کە لە لایەن (عەبادی)ـیەوە دەر کراوە، سەختە و هێندە بە ئاسانی ساز نادرێ.
زریان زیاد




