لێکۆڵەران: داعش وەحشێکی بریندارە.. گرتەی زیاتر بڵاو دەکاتەوە

واشنتن-KDP.info- وەک وەحشێکی بریندار کە هەوڵی ڕاکردن دەدات، ڕێکخراوی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، ئاماژەکانی دۆخی بێهیوایی تێیدا دەردەکەون، هەروەک ئەوەی لە دواڤیدیۆی سەربڕینەکەی بارمتە ئەمەریکاییەکە(پیتەر کاسیگ)ـدا دەردەکەوێ. لە داهاتوودا، لەو تۆمارە ڤیدیۆییە وەحشەتناکەیش زیاتر چاوەڕێ دەکەین، لێکۆڵەران وا دەڵێن.
لێکۆڵەر (هراس رەفیق) لە دامەزراوەی کویلیم، کە تایبەتە بە بنەبڕکردنی فیکری توندڕۆیی، دەڵێ، "وەک وەڵامێک بۆ ئەو پێشووەچوون و دەستکەوتانەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بە دەستیان هێناوە، ئەو ڕێکخراوە دەیەوێ نیشانی بدات کە هێشتا بەهێزە و هێشتا هەمان مامەڵەی وەحشەتناکانە پێڕۆ دەکات کە لە ڕابردوودا ئەنجامی داون، جێی داخە کە، ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی کە داعش لە داهاتوودا نیشانیان دەدات، گەلێک وەحشەتناکترن."
(ڕەفیق) زیاتر گوتی، "ئەمە ئاماژەیە بۆ دۆخی بێهێواییی داعش. ئەو گرتە ڤیدیۆییانە جەخت دەکەنەوە لەوەی کە، ئەوان درکیان بەوە کردووە کە لەژێر باری گەمارۆدان و بەرەوڕووی هێرش بوونەتەوە، بۆیە دەیانەوێ وەڵام بدەنەوە و جووڵەیەکیان هەبێ."
هەرچی گەورەڕۆژنامەنووسی کاروباری نێودەوڵەتی لە تۆڕی مێدیایی سی ئێن ئێن(نیک ڕۆبێرتسۆن)، پێی وایە، ئەو گرتە ڤیدیۆییە، کە داعش تییدا سەربڕینی ژمارەیەک فڕۆکەوانی سوپای سووریا نماییش دەکات، "لێی وەحشەتناکتر نییە"، زیاتر گوتی، ئامانج لێی بە بازاڕیکردنی پڕۆپاگندەکانیەتی، ئەمە سەرباری ئەوەی کە، جیاوازیی ڕوون لە نێوان ئەو ڤیدیۆیە و ئەوانی دیدا بە دی دەکرێ، بەوەی کە، (کاسیگ) بە جلی نارنجییەوە دەرنەکەوت و هیچ پەیامێکیشیان بۆ وڵاتەکەی نەبوو."
لای خۆیەوە عەمیدی خانەنشینکراوی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکایی(جۆو ڕۆفینی)، دەڵێ، سەرباری ئەوەی کە ئەو گرتەیە هاوکاتە لەگەڵ سەردانی سەرۆکئەرکانی سوپای ئەمەریکا(مارتن دێمبسی) بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئامانج لەو گرتە ڤیدیۆییە، نانەوەی ترس و تۆقاندنی سووریایی و عێراقییەکانە، بۆ ئەوەیشە کە، دانیشتووانی ئەو دوو وڵاتە ملکەچی فەرمانەکانی ئەو ڕێکخراوە بن و لێی هەڵنەگەڕێنەوە و یاخی نەبن و بزانن کە، سزای ئەو کەسانە چییە.
زریان زیاد




