٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دوو سەركردەی داعش كوژران.. تیرۆریستان شەش پزیشكیان گوللەباران كردن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ شەش پزیشكیان گوللەباران كردن لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون بریندارەكانیان چارەسەر بكەن، هاوكات دوو سەركردە و ژمارەیەك داعش كوژران، كە یەكێكیان پسپۆڕی تەقینەوە و ئەوەی دیكەیش راهێنەری چەكی بیكەیسی بوو.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ لە ناوچەی كەسكی سەر بە زوممار هێرشیان كردە سەر چەكدارانی داعش و لە ئاكامدا سەركردەیەكی داعشیان بە ناوی (موسا ئەلمەتیوتی) ناسراو بە (حەجی رافع) كوشتووە كە پسپۆڕی تەقینەوەكان بووە و رۆڵێكی گەورەی لە دانانەوەی مینەكانی زومماردا هەبووە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی، شەوی رابردوو بە قەنناس تەقە لە چەكدارێكی داعش لە فڕۆكەخانەی مووسڵ كرا كە لە كاتی پاسەوانیگرتندا بوو و دەستبەجێ گیانی لە دەست دا.

زیاتر ڕوونی كردەوە، لە نزیك ئەكادیمیای پۆلیس لەلای چەپی مووسڵ چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ تەقەیان لە سەركردەیەكی داعش كرد بە ناوی (نایف حەمدانی) كە ناسراوە بە (ئەبونەزهان) و كە كاری مەشقپێكردنی چەكداران بووە لەسەر چەكی بیكەیسی و كوژراوە.
(عیسمەت رەجەب) راشیگەیاند، داعش هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی ئەو پۆلیس و سەربازانەی پێشووی عێراق دەست پێ كردووە كە تۆبەیان كردبوو و هەروەها ژمارەیەكی دیكەی شێخی عەشیرەتەكانی گیارە و شەرگاتی دەستگیر كردوون.

ئاماژەیشی دا كە، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان مۆڵگەكانی داعشیان لە ناوچەی بازرگانی لای راستی شاری مووسڵ بۆردوومان كردووە و لە ئاكامدا ژمارەیەك چەكدار كوژراون و ئەوانەی دیكەیش لە ترسی بۆردوومانەكە هەڵاتوون .
هەروەها گوتیشی، داعش شەش گەورەبازرگانی لە مووسڵ  دەستگیر كردوون و بەرەو شوێنێكی نادیاریان بردوون، چونكە ئامادە نەبوون مانگانە پارە بدەنە ئەو رێكخراوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەیشی خستە ڕوو كە، داعش شەش پزیشكی بە ناوەكانی (رائید شاكر)، (سەعد جەبار)، (قوسەی فەلاح)، (لوئەی سەلمان)، (سەباح فارس) و (كەمال جەلال) گوللەباران كردوون كە هۆكارەكەشی ئەوەیە ئامادە نەبوون و رەتیان كردووەتەوە بریندارەكانی داعش چارەسەر بكەن.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار