پێداویستیی زستانە و تەندروستیی پەنابەرانی تێدایە.. پۆڵەندا 10 تۆن هاوكاریی رادەستی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی گەیاندنی كۆمەك و هاریكارییەكانی وڵاتی پۆڵەندا بۆ پەنابەران لە هەرێمی كوردستان، پۆڵەندا 10 تۆن خۆراك و پێداویستیی تەندروستی لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیاندە هەرێمی كوردستان و لە مەراسیمێكدا رادەستی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، وایش بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەك كاروانی دیكەی كۆمەكەكان بگەنە هەرێمی كوردستان.
رۆژی 16/11/2014 پاش ئەوەی لەلایەن رێكخراوێكی پۆڵەنداییەوە بانگهێشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرا بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە كۆنفڕانسی هاریكاریكردنی مرۆیی پەنابەران لەو وڵاتەدا، دواتر رێكخراوێكی پۆڵەندایی بڕیاری دا هاریكارییەكانی وڵاتەكەی بۆ پەنابەران لە هەرێمی كوردستان رەوانەی هەرێم بكات و بۆ دابەشكردنیشی رادەستی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كرد.
لە دیدارێكی نێوان سەرۆكی رێكخراوی (sos for life) (تۆماس جێرگتسكی) و سەرۆك و جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، باسیان لە چۆنیەتیی دابەشكردنی هاریكارییەكانی وڵاتی پۆڵەندا كرد كە بەم زووانە دابەشی سەر پەنابەرانی كەمپەكانی هەرێم دەكرێن، كە پێك هاتوون لە 10 تۆن كەلوپەلی زستانە و كەلوپەلی پزیشكی و داودەرمان و هەروەها چەندین وەجبەی دیكەی كۆمەكەكانی وڵاتی پۆڵەندا لەچەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە هەرێمی كوردستان، كە بەهەمان شێوە بەسەر پەنابەراندا دابەش دەكرێت.
لە بەرانبەردا سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (عەزیز شێخ رەزا)، پاش بەخێرهێنانی شاندی میوانی پۆڵەندایی بۆ دەزگا و هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "سوپاسی وڵاتی پۆڵەندا دەكەین بۆ بەهاناوەچوونی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و ئومێد دەكەین وڵاتانی تریش بەهەمان شێوە هاریكاری و كۆمەكی پەنابەران بكەن، چونكە ئێستاكە بەرەو وەرزی سەرماو باران بارین دەچین، بۆ ئەمەیش پێویستمان بە هاریكاریی زیاتری وڵاتانی دۆست هەیە بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستییەكانی پەنابەران پڕ بكەینەوە".

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
