لە مووسڵ 42 شێخی عەرەب دەستگیر كران.. هەشت داعش كوژران و ئۆتۆمبێلێكیشیان سووتا

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ رایگەیاند، رێكخراوی تیرۆریستی داعش 42 شێخی عەشیرەتەكانی لە هەر دوو ناحیەی گیارە و شورا لە باشوری مووسڵ دەستگیر كردوون و بەرە و شوێنێكی نادیار بردراون، تا ئێستایش چارەنووسیان نادیارە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەست ئێمە گەییشتوون، رێكخراوی تیرۆرستی داعش 42 شێخی عەشیرەتەكانی لە هەردوو ناحیەی گیارە و شوورا لە باشوری مووسڵ دەستگیر كردوون و بەرەو شوێنێكی نادیار بردراون، تا ئێستایش چارەنووسیان نادیارە".
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، دەشڵێت، "ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش دوو مامۆستای زانكۆی مووسڵیان بە ناوەكانی (د.سەمیر سوڵتان ) و (د. موحسین جابر)، دەستگیر كردوون و دواتر هەردوو مامۆستایەكەیان گوللەباران كردوون.
زێتر گوتی، هەر ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان مۆڵگەكانی داعشیان لە نزیك نەخۆشخانەی تەلەعفەر بۆردوومان كردووە، لە ئاكامیشدا هەشت تیرۆریست كوژراون و ئۆتۆمبێلێكیشیان سووتاوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەیشی دا كە، تیرۆریستانی داعش سەربازگەیەكیان كردووەتەوە، بە مەبەستی مەشقپێكردن بەو گەنجانەی تازە پێگەییشتوون بۆ فێربوونی چۆنیەتی دانانی مین و خۆكوژی كە، ژمارەیان 340 گەنج دەبێت و چوونەتە ریزەكانیانەوە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، داعش لەنێو مووسڵ لە 39 مزگەوتدا، قوتابخانەی ئایینییان كردووەتەوە و تێیاندا وانەی فیكری و تەفكیركردنی مەزهەبەكان، دەخوێنن.
بڵند ئیبراهیم




