ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لیژنەیەكی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان لە لایەن بەغداوە، پێك هێنا

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- پاش ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ سەردانی بەغدایان كرد، چەندین داواكارییان گەیاندە بەرپرسە باڵاكانی بەغدا، گرینگترینیان پێكهێنانی هێزێك بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ و گرینگیدان بە رەوشی ئاوارەكان و چەندان داواكاریی دیكەیش، لە ئێستادا چاوەڕوان دەكەن بەغدا بەڵێنەكانیان جێبەجێ بكات.
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە (روقیە محەممەد ساڵح)، بە PDK.INFO-ی ڕاگەیاند، "پاش ئەوەی كۆتایی مانگی رابڕدوو ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ سەردانی بەغدامان كرد و چەندان داواكاریمان خستە بەردەستی بەرپرسانی باڵای حكوومەتی فیدراڵ، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە بەڵێنی جێبەجێكردنیان دا، پاش گەڕانەوەیشمان ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بڕیارمان دا لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان لە لایەن بەغداوە، پێك بهێنین".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ گوتیشی، "لەبەر ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە 39 ئەندام پێك دێت، بەپێی پسپۆڕیی ئەندامەكانمان دەربارەی جێبەجێكردنی داواكانمان هەر مانگێك چەند ئەندامێك وەكو لیژنە سەردانی بەغدا دەكەن بۆ چاودێریكردن و بەدواداچوون و زوو جێبەجێكردنی داواكانمان، چونكە پێویستی بەو لیژنەیە دەكرد و لەوانەیە ئەگەر چاودێریی داواكانمان نەكەین، بە راگیراوی بمێننەوە".
(روقیە) زیاتر ڕوونی كردەوە، لە ئیستادا سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (بەشار كیكی) و چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگا بە سەردانێك لە بەغدان و ئەو سەردانەیش تەواوكاری سەردانی رابردوو دەبێت.
نەشوان بەرزنجی




