سەركردە شیشانییەكەی دوای خەلیفەی داعش كوژرا

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، رایگەیاند كە سەركردە شیشانییەكەی دوای خەلیفەی داعش كوژراوە.
(تارخان باتیر ئاشفیلی)ـی ناسراو بە (ئەبو عومەر شیشانی)، لە نێو دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا پێگەی دووەمی هەیە کە، پاش (ئەبوبەكر بەغدایی) دێت، ئەو كە لە كاتی داگیركردنی مووسڵ، بۆ راپەڕاندنی كاروباری دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە عێراق جێگیر بووە، ئەمڕۆ زانیارییەكان دەریانخستووە كە كوژراوە.
پێوەست بە كوژرانی ئەو بەرپرسە تیرۆریستەی داعش، بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) بە kdp.infoـی راگەیاند، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەستیان گەییشتوون، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەربازیی داعش و، كەسی دووەمی ئەو رێكخراوە، لە دوای ئەمیری داعش بە ناوی (تارخان باتیر ئاشفیلی) کە بە (ئەبو عومەر شیشانی) ناسراوە، كوژ راوە.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، هەر ئەم شەو، چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵ، لە رێگەی گشتیی باشووری مووسڵ لە نزیك گوندی (عەین بیزە)، هێرشیان كردووەتەوە سەر ئۆتۆمبێلێكی تیرۆریستانی داعش و، لە ئاكامدا چوار تیرۆریست كوژران.
پرۆفایل
(تارخان باتیر ئاشفیلی)ـی تەمەن 28 ساڵ، ناسراو بە (ئەبو عومەر شیشانی)، لە ساڵی رابردوو چووەتە سووریا و لەوێ ناو نراوە (عومەر شیشانی).
لە ساڵی 1986 لە بانكیس جۆرجیا، لە باوكێكی كریستیان و دایكێكی موسوڵمان لە دایك بووە.
لەلایەن خەلیفەی تیرۆریستانی داعشەوە (ئەبوبەكر بەغدایی)، نازناوی ئازایەتی پێپەخشراوە و، كراوەتە وەزیری جەنگی تیرۆریستانی داعش.
لە ساڵی 2006 تا 2010 خزمەتی سەربازی لە نێو سوپای وڵاتی جۆرجیاداكردووە و، دواتر بە هۆی تووشبونی بە نەخۆشیی سیل، وازی هێناوە و دواتر پێوەندی كردووە بە تیرۆریستانی داعشەوە.
بڵند ئیبراهیم




