سەرۆکئەرکانی سوپای ئەمەریکا: بۆ ئازادکردنی خاکەکەی، عێراق پێویستی بە 80هەزار سەربازی کارامەیە

واشنتن-KDP.info- سەرۆکئەرکانی سوپای هاوبەشی ئەمەریکا(مارتن دێمبسی)، ڕایگەیاند، بۆ بەدەستهێنانەوەی خاکە داگیرکراوەکەی و ڕزگارکردنی لە چنگی تیرۆریستانی داعش و دەستگرتنەوە بەسەر سنووری لەگەڵ سووریادا، عێراق پێویستی بە نزیکەی 80هەزار سەربازی بە توانایە.
لە کۆبوونەوەیەکی کۆنگرێسی وڵاتەکەی، (دێمبسی) گوتیشی، "پێویستمان بە 80هەزار سەربازی کارامە هەیە لە نێو هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا، تا خاکە داگیرکراوەکەی بە مووسڵیشەوە بە دەست بهێنرێتەوە و ناوچەکان ئازاد بکرێن و سنوورەکەیشی لەگەڵ سووریا بپارێزێت."
زیاتر گوتی، داوای هێزی زیاتری ئەمەریکایش لە عێراق، وابەستەی دامەزراندنی ناوەندی هاوکاری و ڕاهێنانی زیاترە بۆ ئەو قەیرانە.
ئەو بە ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمەریکای گوت، کە لەوە دەکۆڵێتەوە ڕاوێژکارانی سەربازی بۆ هاوکاری هێزی زەوینی ڕەوانەی عێراق دەکات، ئەگەر هاتوو تیرۆریستان، لە ناوچە سەختەکانی دەوری مووسڵ و لەسەر سنووری مووسڵ و سووریا، پێشڕەوی بکەن.
(دێمبسی) ڕوونی کردەوە کە، هێشتا ئەو بڕیارەی نەداوە، کە داخۆی ئەم پێشنیازە پێویستییەکە یاخوود نا.
زریان زیاد




