پەرلەمانتارێكی عێراق: حكوومەتی ناوەندی بیانووی رەوانەكردنی بودجەی هەرێمی نەماوە
هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتاری عێراق (ئەشواق جاف) رایدەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق هیچ پاساوێكی نەماوە كە، بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانی، نەنێرێت و لە چارەكردنی كێشەكانیشدا، بەغدا نیازپاكیی نییە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەشواق جاف)، بە (kdp info)-ی راگەیاند، حكوومەتی ناوەندی هیچ بیانوویەكی بۆ نەناردنی بودجەی هەرێم و مووچەی خەڵكی كوردستان نەماوە، چونكە سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)، بە نووسراوی فەرمی ئاگاداری راگەیاندبوو كە بە هۆی دەستبەكارنەبوونی وەزیرە كوردەكان لە كابینەی نوێی عێراق، بودجە و مووچە رەوانەی هەرێم نەكراوە، بەڵام دەمێكە وەزیرەكانی كورد دەستبەكار بوون و بودجەو مووچەیش رەوانە نەكراوە.
(ئەشواق جاف)، دەشڵێت، هیچ زانیاریەكی تازە لەسەر هەناردەكردنی پێشینەیەك لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی وەزارین، كە لەلایەن وەزیری دارایی عێراق (هۆشیار زێباری)ـیەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و كارەكانی لیژنەكەیش پێوەست بە چارەكردنی گرفتی دارایی نێوان و هەولێر و بەغدایە.
(جاف)، جەختی لە نیازپاكیی هەرێمی كوردستان كردەوە بە مەبەستی چارەكردنی كێشەكان، بەڵام وەهای بینی كە بەغدا بۆ چارەكردنی كێشەكان، نیازپاكیی نییە.
یەحیا سابیر




