تا ئێستا چارەنووسی 50 ملێون دۆلاری بانكی ئیسلامی نادیارە

بەغدا-KDP.info- ماوەی چوار ساڵە بڕی (50) ملیۆن دۆلار لەلایەن بەڕێوەبەری بانكی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان بردراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراقی لێی بێدەنگن.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەلایەن یاریدەدەری بەڕێوەبەری بانكی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (محەممەد نوجێفی)، بڕی (50) ملیۆن دۆلار دزراوە، كە ئەم بڕە پارەیەیش بۆ دروستكردنی بنكەی تەندروستی لە پارێزگاكانی (نەینەوا، ئەنبار و سەڵاحەددین) تەرخان كرابوو.
گوتیشی، دوای ئاشكرابوونی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەڕێوەبەری ئەو بانكەوە كە بارەگای سەرەكی لە وڵاتی سعوودیەیە، دەسەڵاتدارانی عێراقی لەو كردەوەیە ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
بەڕێوەبەری ئەو بانكە لەم بارەیەوە گوتی، "ئیسلام لە كوێی ئەو تاوانەیە، من سەرم لەوە سوڕ دەمێنێت كە تا ئێستا تاوانبار (محەممەد نوجێفی) لە نێو سەركردەكانی (ئیخوان موسلمین)ـدا ماوەتەوە".
ئەو هەروەها ڕووی پرسیاری كردە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (سەلیم جبووری) و گوتی، "ئایا ئەو پارەیە، پارەی گەلی عێراق نییە؟ ئایا بۆچی لەو تاوانە ناپێچنەوە؟".
هیوا حوسێن ئەمین




