سەركردە تاڵانچییەكەی داعش كوژرا

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتی ئاشكرای كرد، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، سەركردەیەكی داعش كوژرا كە، لە ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی توركمانی شیعەمەزهەب و، تاڵانكردنی ماڵەكانیان، بەرپرس بووە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لەموسڵ، (عیسمەت رەجەب) بە kdp.info-ی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ، سەركردەیەكی چەكدارانی داعش بە ناوی (ئەحمەد كامل وجیە) كە ناسراوە بە (ئەبو عەبدولمەلیك)، لە ناوچەی قوبە و شەریخان، لەلای چەپی شاری مووسڵ، لەلایەن چەكدارانی كەتیبەكانی مووسڵەوە، كوژرا.
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، ئەو سەركردەیە بەرپرس بووە لە ئاوارەبوون و تاڵانكردنی ماڵی هاوڵاتیانی توركمانەكانی شیعەمەزهەب كە، پێشووتر لە ناوچەی قوبە و شەریخان نیشتەجێبوون.
(رەجەب) دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ لە ناوچەی كۆمەڵگەی رۆشنبیری، لەلای چەپی شاری مووسڵ، تیرۆریستانی داعش، نماییشێكی سەربازییان بۆ چەكدارەكانی میسر، جەزائیر، لیبیا، یەمەن و سعوودیە، ساز كردووە، بەمەبەستی بەیعەت نوێكردنەوە بە خەلیفەی داعش (ئەبوبەكر بەغدایی) و، لە شەقامەكانیش بازگە دانرابوون، ئەمەش تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی ورەی چەكدارەكانە و هیچی دیكە نییە، چونكە ورەی چەكدارەكانییان نەماوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ڕەنگە ئەو نماییشە بە هۆی دیارنەمانی (ئەبوبەكر بەغدایی) بووبێت، كە چەندین سەرچاوەی هەواڵگری ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە رەنگە كوژرابێت، دوای ئەوەی كە زانراوە بە برینداری گوازتراوەتەوە سووریا، بۆیە داعش، ئەو نمایشەی كردووە تا ورەی تیرۆریستان بەرز بكاتەوە كە، بە دووبارە بەیعەت دان بە (بەغدایی)، وا پیشان بدەن، خەلیفەكەیان زیندووە.
بڵند ئیبراهیم




