٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

چ دەبێ ئەگەر بەغدایی کوژرابێ؟ دوو کۆنەئەفسەری پێشوو و سووریاییەک بۆ جێ گرتنەوەی کاندیدن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چ ڕوو دەدات کە ئەگەر بێت و ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، دڵنیا ببێتەوە لەوەی کە، سەرۆکەکەی (ئەبوبەکر بەغدایی) کوژراوە؟ ئەی ئەو کەسە کێیە کە جێی دەگرێتەوە و ئایا داعش دەتوانێ بەردەوام بێ؟ ئەی هەڵوێستی ئەنجوومەنی شوورا پێوەست بەم پرسە چ دەبێ؟

(بەغدایی) هەر وەک خاوەن کۆمپانیایەکی بازرگانی، داعشی بەڕێوە بردووە، زۆر بە توندی پێداگری کردووە تا ئەرکەکانی، کە بە گونجاوی بینیون بە جێ بگەیەنێ و ئەو ئامانجانەی بێنێتە دی کە حەزی لێیان بووە و خۆیان لە، کوشتن و داگیرکاریی ناوچەگەلێکدا دەبینێتەوە، لەبەر ئەوە دەرهاویشتەکانی غیابی ئەو، بەسەر ئەو ڕێکخراوەوە گەورە و کاریگەر دەبن.

زانیارییە هەواڵگرییەکانی سەرچاوەکانی KDP.info و وەزیری بەرگریی حکوومەتی عێراق، جەخت دەکەنەوە لەوەی کە خەلیفەکەی داعش، کۆتایی هەفتەی ڕابرد، لەگەڵ سەرکردەگەڵیکی دیکەی ڕێکخراوەکە، لە شارۆچکەی قایم لە عێراق، بەر ئەو گورزانەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە و، بە هۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ڕەققە لە سووریا کە بە پایتەختی تیرۆریستانی داعش ناو دەبرێ، خەوێندراوە و هێشتایش هۆشی نەگەڕاوەتەوە.

ڕێکخراوەکە پاش (بەغدایی) دەمێنێتەوە
چاودێران پێشبینی دەکەن کە، لە ئەگەری کوژرانی (بەغدایی)، بەربەست و دەرفەتی لەبەریەک هەڵوەشانەوەی داعش هێندە گەورە نابن، لیوای خانەنشینکراوی سوپای ئەمەریکا(جەیمس مارکس) دەڵێ، "ڕێکخراوی داعش لەژێر چەتری سەرکردایەتیێکی نوێ، پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێترەوە"، زیاتر گوتی، "دەبێ ئاماژە بەوە بدرێ کە، سەرکردایەتیی داعش، لە بنەڕەتدا لە هەناوی سوپای پێشووی (سەددام حوسێن)، گەشەی کردووە و هەر بۆیە وەها بە باشی ڕاهێندراو و شارەزان."

چاودێران باوەڕیان وایە کە، (بەغدایی) و ئەنجوومەنی شوورای تایبەت بەو ڕێکخراوە، کە ئەرکی سەربازی و دینییان لە ئەستۆیە، پلانی ئەوەیان داڕشتووە لە ئەگەری کوژرانی (بەغدایی)، جێگرەوەیەک هەبێ، توێژەری پەیمانگای لێتوێژینەوەی جەنگ لە ئەمەریکا(لۆرین سکوایر) دەڵێ "دەشێ داعش لیستێکی دیاریکراوی هەبێ بۆ شوێنگەرەوەکانی (بەغدایی).. ئێمە لەبەردەم توندڕۆترین و ئاڵۆزترین ڕێکخراوداین کە، هەڕەمێکی بەهێزی هەیە، هەروەها ڕێی تێ دەچێ (بەغدایی) خۆی شوێنگرەوەی دانابێ، یاخوود ئەنجوومەنی شوورا، پێشتر کەسێکی دیکەی دیاری کردبێ."

جیا لە ئەنجوومەنی شوورا، (بەغدایی) دوو ڕاوێژکاری نزیک لەخۆی هەن، کە نوێنەرایەتیی ئەو دەکەن، یەکەمیان (ئەبو موسلیم تورکمانی)ـیە کە سەرپەرشتیی پرۆسەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە عێراق و هیی دووەمیشیان (ئەبو عەلی ئەنباری)ـیە کە بەرپرسی پرۆسەکانی داعشە لە سووریا.

بەپێی خەمڵاندنەکان، (تورکمانی و ئەنباری)، دوو لە کۆنەئەفسەرە شارەزاکانی سوپای پێشووی عێراقن(سەردەمی سەددام).
ئاکادیمی و پسپۆڕ لە کاروباری سیاسی لە زانکۆی کینگ(پیتەر نیومن) پێی وایە، "ئەوان وابەستەی تاکتیکی وەحشەتناکن، چونکە سوپای (سەددام) وابەستەی ئەو وەحشەتناکییە بوو، ئەوان ئەم خاسیەتە و شارەزایی شەڕکردن و ڕێکخستنی سەربازییان لەو سوپایەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە."

(نیومن) بۆ تۆڕی سی ئێن ئێن زیاتر گوتی، (تورکمانی) دەرفەتی باشی بۆ جێگرتنەوەی (بەغدایی) هەیە، ئەمە کاتێک کە کوژرابێ یان بکوژرێ، دەشڵێت "دەبێ جێگرەوەی (بەغدایی) لە بواری سەربازی و سیاسییشەوە توانای باش و گەورەی هەبن، هەر لەبەر ئەو هۆکارانەیشن کە، وا دەکەن (تورکمانی) شیاوترین کاندید بێ بۆ جێگرتنەوە."

لە ژێرەوەی (تورکمانی و ئەنباری)، 12 بەرپرسی دیکە هەن کە، سەرپەرشتیی زۆر بەرپرسی دیکەی سەربازی، یاسایی، مێدیایی و ئەمنی دەکەن، بەڵام سەیر لەوەدایە کە، لە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسارەتیدا، ئەو ڕێکخراوە کەڵکی لە شێوازی بەڕیوەبردنی ڕۆژاواییەکان وەر گرتووە، هەڵبەت ئەو، فەرهەنگی ڕۆژاواییشی قبووڵ نییە و شێوازەی ئیداریی ڕێکخراوی داعش، بەپێی پێوەرە ڕۆژاواییەکان بە هیچ شێوەیەک وابەستەی دیموکراسییەت نییە.

(عەدنانی) بژاردەی سێیەمە
لە پاڵ (تورکمانی و ئەنباری)ـدا، بژاردەی سێیەم هەیە کە خۆی لە سەرکردایەتیی بەڕەگەز سووریایی (ئەبو محەممەد عەدنانی)ـدا دەبینێتەوە کە گوتەبێژی داعشیشە.
دەگوترێ (عەدنانی) ڕۆڵی باڵای لە گەیاندنی بیری ڕێکخراوەکە و فەرمانەکانیدا بینیوە، بەم دواییانەیش، لە پەیامێکی دەنگیدا داوای لەو موسوڵمانانە کرد کە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی دەژێن، هیرش بکەنە سەر ئەو وڵاتانەی کە لێی نیشتەجێن.

بایەخی ڕۆڵی (عەدنانی)ـیش لەو سەردەمی زیندانیکردنیەوە سەرچاوە دەگرێ کە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو ڕێکخراوە، لە سەربازگەی بوکای ئەمەریکایی لە عێراق، لە پاڵ (ئەبوبەکر بەغدایی) کە چوار ساڵ لە زینداندا بووە، پێکەوە بوون، ماوەیەی زیندانیکردنیشیان، دەرفەتێک بووە بۆ ڕا گۆڕینەوە و پتەوکردنی متمانە لە نێوانیاندا.

بایەخی ئەنجوومەنی شوورا
ئەنجوومەنی شوورا، کۆمەڵێک دەستەڵات و بەرپرسارەتیی گرینگی هەن، ئەو بەوپێیەی چاودێریی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی شەریعەت لە نێو دەوڵەتی ئیسلامیدا دەکات، تاکە لایەنە کە بتوانێ بەیعەت لە (بەغدایی) بستێنێتەوە و خەلافەتی لێ وەربگرێتەوە، هەر ئەویشە کە بتوانێ بەرەوڕووی بڕیارەکانی خەلیفە ببێتەوە.

دەربارەی ئەنجوومەنی شوورای داعش و کاریگەرییەکانی، لێکۆڵەر لە کاروباری بنەبڕکردنی تیرۆر(جاسەمین ئۆپرمەن) دەڵێ، ئەنجوومەن هەر کات ببینێ کە لە جێبەجێکردنی پێوەرە شەرعییەکان لای داوە، ئەوا دەتوانێ(بەغدایی) لا بدات، زیاتر گوتی "کە ئەمە پێشبینی نەکراوە و ڕوو نادات، بەڵام هەبوونی ئەم دەستەڵاتانە بایەخی ئەنجوومەنەکە نیشان دەدات."

(جاسەمین ئۆپرمەن) ئاماژەی دا، سەر پەڕاندنی ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژاوا کە لە دەست داعشدا بوون، بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا بوون، هاوکات توانای ئەوەی هەیە کە بە ویستی خۆی دەقە دینییەکان شیی بکاتەوە.

بێگومان کۆی سیناریۆکان تەنیا گریمانەن، ئەمە بە ڕەچاوگرتنی ئەو چیرۆکانەن کە پێوەستن بە چارەنووسی (ئەبوبەکر بەغدایی)ـەوە، ئەمانە لە کاتێکدان کە، بەرپرسانی عێراقی جەخت لە برینداربوونی دەکەنەوە لە ڕێی ئەو گورزە ئاسمانیانەی کە لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرکردەکانی داعش وەشێندراوە و، لە بەرانبەردا، لایەنی ئەمەریکایی هێشتا نەگەییشتووەتە ئەو زانیاریانەی کە ڕاستیی پێکانی خەلیفەی داعش، پشتڕاست دەکەنەوە.

زریان زیاد 

هەواڵی پەیوەندیدار