داعش 50 ئەفسەر و پۆلیسی دیكەی دەستگیر كردن.. فڕۆكە جەنگییەكان 20 تیرۆریستیان كوشتن

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دەڵێت، تیرۆریستانی داعش لە گرتنی ئەفسەر و پۆلیسەكانی مووسڵ بەردەوامن و شەوی رابردوویش نزیكەی 50 ئەفسەر و پۆلیسی دیكەیان دەستگیر كردوون. هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانیش تیرۆریستانی داعشیان لە ناحیەی گەیارە كردووەتە ئامانج و 20 تیرۆریست كوژراون.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە كەوتوون، تیرۆریستانی داعش نزیكەی 50 ئەفسەر و پۆلیسیان لە ماڵەكانیان لە ناحیەی گەیارە دەستگیر كردوون كە زۆرینەی ئەفسەرەكان پلەی عەمید و عەقید و موقەدەمیان هەیە، وێڕای ئەوەیش كە پێشتر تۆبەیان كردووە.
(عیسمەت)گوتیشی، مەبەست لە دەستگیركردنیان ئەوەیە، بچنە ریزەكانی ئەوان بۆ شەڕكردن و هاوكارییان بكەن.
ئەو بەرپرسەی پارتی زیاتر گوتی، هەر شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان شوێنی دروستكردنی بۆمبی چێندراوی چەكدارانی داعشیان لە ناحیەی گەیارە كردووەتە ئامانج و لە ئاكامدا 20 چەكدار كوژراون.
ڕوونیشی كردەوە كە، هەر شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كۆبوونەوەیەكی چەكدارانی داعشیان لە نزیك مزگەوتی ئەلدندان لەلای راستی شاری مووسڵ نزیك بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی مووسڵ كردووەتە ئامانج، بەڵام زیانەكان نەزانراون.
بڵند ئیبراهیم




