لیستی ناوی سەرکردەکانی داعش کە بە بۆردوومانی ئەمەریکا کوژراون

بەغدا-KDP.info- توێژەرێکی عێراقی دەڵێ، یەکێک لە جێگرەکانی (ئەبوبەکر بەغدایی) بەر ئەو بۆردوومانە کەوتووە، کە ئەمەریکا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی داعشی لە شارۆچکەی قایمی نزیک سنووری سووریا، کردە ئامانج. سەرکردەیەکی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش جەخت دەکاتەوە کە، (بەغدایی) خۆیشی لە نێو برینداراندایە و بە هۆی سەختیی برینەکەیشییەوە ڕەوانەی ڕەققە لە سووریا کراوە.
(د.هیشام هاشمی) بە کەناڵی حەدەسی ڕاگەیاند، بە گورزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان کە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی داعش (سەرکردەکانی تیدا بوون) لە شارۆچکەی قایمی نزیک سنووری سووریا، کردە ئامانج، (عەوف عەبدوڕەحمان ئەفری) کوژراوە.
(هاشمی) زیاتر گوتی، "(ئەبو سەجا) کە بەردەوام لەگەڵ (بەغدایی) بوو و لێی جیا نەدەبووەوە، بۆیە دەبێ (بەغدایی) لە ساتی بەئامانجگرتنی کاروانەکەیان کە ئۆتۆمبێل بوون ئامادە بووبێ."
ئەو ڕوونیشی کردەوە، ""(ئەبو سەجا) گرینگترین ئەو سەرکردانەیە کە کوژرانی لە نێوان ئەو 20 کوژراوەی دیکەی داعشدا، پشتڕاست کراوەتەوە."
بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەناڵە، (عەفری) ئەرکی چاودێریکردنی بەندکراوانی ڕێکخراوەکەیانی پێ سپێردرابوو، یەکێک لە ئەو بیست کەسایەتیانەیە کە، لە پەیکەری سەرەوەی ئیداریی ڕێکخراوی داعشە و ڕاستەوخۆ سەربە (بەغدایی)ە، یەکێک لەو سەرکردانەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەیشە کە پێشتر زیندانی کراوە.
لیستی ناوی کوژراوەکان:
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لیستێکی سەرکردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کە لە کاتی کۆبوونەوەیاندا لە شارۆچکەی قایم، بوونە ئامانجی گورزی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی و کوژران، ئەمانەن:
(ئەحمەد عەوز سەلمانی)- موفتیی ڕێکخراوی داعش لە قایم
(سامر محەممەد مەحلاوی)- بەرپرسی ئەمنیی داعش لە قایم
(کەنعان عەبوود مهێدی)- بەرپرسی داعش لە شارۆچکەی ڕاوە
(وەلید زیاب ئەلعانی)- بەرپرسی داعش لە شارۆچکەی عانە
(ئەبوزەهرا ئەلمحەممەدی)- بەرپرسی داعش لە فوارت(شارۆچکەکانی ئەلبوکەمال و قایم، هەندێ شارەدێی بچووکی تر لە لە سووریا و عێراق).
بەڵام مەترسیدارترین سەرکردەی داعش کە بەر ئەو گورزە کەوتبێ، (ئەبو ئەنەس)ی سەرکردەی داعشە لە قایم.
دوێنێ یەکشەممە، بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(عیسمەت رەجەب) بە kdp.infoی راگەیاند: "بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەییشتوون، خەلیفەی داعش (ئەبوبەکر بەغدایی) بە سەختی بریندار بووە، چونکە لای سەری گرتووە و لە ھۆش خۆی چووە."
(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، "لەئێستادا (بەغدایی) لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی رەققەی وڵاتی سووریا خەوێندراوە."
پێرێ شەممە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانان کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، لە ناوچەی قائیمی عێراق کە دەکەوێتە سەر سنووری سووریا، کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی داعشی کردە ئامانج، لە ئاکامدا خەلیفەکەی داعش بریندار بوو و، پاسەوانی تایبەتی و پسپۆڕی تەقینەوەکانیش کوژراون.
زریان زیاد




