داعش کوڕەکانی دەخوات.. سەرکردەکانیشی دەگۆڕێ

هەولێر-KDP.info- (شێخ ئەحمەد ئەبوڕیشە)، لە پێگەی فەرمیی کۆنگرەی سەحوەی عێراقدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێکخراوی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەم چەند ڕۆژە، دووچاری تەنگژە و پشێویی نێوخۆیی بووەتەوە. دەشڵێت، ئەو سەرکەوتنە یەک لەدوا یەکانەی هێزە چەکدارەکان لە زۆربەی بەرەکانی جەنگ و هاوکات سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە ڕەبیعە، زوممار و ناوچەگەلێکی دیکەی هەرێمی کوردستان، خەلیفەکەی داعش(ئەبوبەکر بەغدایی) ناچار کردووە، سەرکردە مەیدانییەکانی بگۆڕێ و گۆڕانکارییش لە جومگەکانی ڕێکخراوەکەیدا بکات.
سەرۆکی کۆنگرەی سەحوە لە عێراق، جەختیشی کردەوە، گۆڕانکارییەکان سەرکردە عێراقییەکانیش دەگرێتەوە و بۆ سووریایان ڕەوانە دەکات، شوێنی ئەوانیش لە عێراق، بە کەسانی دیکە لە ڕەگەزی جیاواز پڕ دەکاتەوە.
لە ئەندامە کوردەکان و هەندێکی هۆزەکان بە گومانە
(ئەبو ڕیشە) ئاشکرایشی دەکات کە، "ڕیکخراوی تیرۆریستیی داعش، بەردەوام بە چاوی گومانەوە لە ئەندامە نوێیەکانی دەڕوانێ بە تایبەت بە ڕەچەڵەک کوردەکان، هەروەها هەندێکی ئەندامانی سەربە ئەو هۆزانەی کە لە ئێستادا دژ بە داعش وەستاونەتەوە، بە گومانە."
زیاتر گوتی، "داعش 8 ئەندامی سوننەمەزهەبی ڕێکخراوەکەی دەستبەسەر کردوون و یەکێکی کوردیشی گولـلەباران کردووە، بە بیانووی ئەوەی کە، زانیاریی داوەتە پێشمەرگە، چاودێرانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیش باوەڕیان وایە کە، ڕێکخراوی داعش دەستی کردووە بە خواردنی کوڕەکانی."
زریان زیاد




