وەزارەتی كارەبا: هاووڵاتیان هاوكاریمان بكەن، 24 سەعات كارەبا دەدەین

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای هەرێمی كوردستان دەڵێت، بە هۆی هاتنی وەرزی سەرماوە، خواست لەسەر كارەبا زۆر بووە، بەڵام ئەگەر هاووڵاتیان هاوكارییان بكەن، رۆژانە 24 سەعات كارەبایان پێ دەدەن.
بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای هەرێمی كوردستان (ئومێد محەممەد)، بە KDP.info-ی راگەیاند، "بە هۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا بەتایبەت لە سەرەتای مانگی 11ـدا، كەشوهەوا زۆر سارد بووە و خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا گەلێك زۆر بووە، بۆیە لە چەند رۆژی رابردوودا چەند شەتداونێكمان هەبوو، بەڵام لە ئێستادا ئاسایی بوونەتەوە و چەند سەعاتێك كارەبا كەم بووەتەوە".
(ئومێد) گوتیشی، "ئێمە داماننابوو لەم مانگەدا 22 سەعات كارەبا بە هاووڵاتیان بدەین، بەڵام بە هۆی ئەو شەپۆلەی سەرماوە، خشتەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و رۆژانە 18 سەعات كارەبای نیشتیمانی دەدرێت و شەش سەعاتەی دیكەیش بە مۆلیدە ئەهلییەكان پڕ دەكرێتەوە".
بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی دابەشكردنی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە كە، "لە ئێستادا سێ یەكەمان بۆ چاككردنەوە لە دەرەوەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێنەوە، بەمەیش هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی سێ هەزار مێگاوات كارەبا، كە لەو بڕە 250 مێگاواتی دەدرێتە كەركووك".
زیاتر گوتی، ئەو بڕە كارەبایەی كە هەیە، بەشی هەرێمی كوردستان دەكات 24 سەعات رۆژانە كارەبایان پێ بدرێت، ئەگەر وەكو وڵاتە پێشكەوتووەكان بە كاری بهێنن، بەڵام خەڵكی زیاد لە پێویست كارەبا بە كار دەهێنن، بۆیە ناتوانن 24 سەعات كارەبا بدەین".
بڵند ئیبراهیم




