ئۆباما بڕیاری دا، 1500 سەربازی وڵاتەکەی، بۆ ڕاهێنان بە پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق ڕەوانە بکات

واشنتن-KDP.info- سەرۆکی ئەمەریکا(باڕاک ئۆباما) بڕیاری دا، 1500 سەربازی دیکە بنێرێتە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی جەنگی دژ بە داعش کە وڵاتە یەکگرتووەکان ڕابەرایەتی دەکات، بەڵام ڕاستەوخۆ ناچنە جەنگەوە.
ئەمڕۆ هەینی، کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، ئەو هێزە ڕۆڵی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکاری دەبێ بۆ هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە لە ئێستادا لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە جەنگدان.
بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە لەوەی کە، کۆشکی سپی داوا لە کۆنگرێس دەکات، 5.6ملیار دۆلار، بۆ پرۆسەی تێکشکاندن و بنەبڕکردنی داعش دابین بکات، بۆ ئەو پرۆسە سەربازییەی کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، تەرخان بکات.
بەرپرسی نووسینگەی کارگێڕی و دارایی لە کۆشکی سپی(شون دونوڤان) لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی دەر کراوە، ئاماژەی داوە، داواکەی کۆشکی سپی لە کۆنگرێس، 1.6ملیار دۆلار بۆ پێکهێنانی سندووقی ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەیە، کە هەردووک وێکڕا دژ بە داعش وەستاونەتەوە.
زریان زیاد




